وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایدەگەیەنێت، سیستمی نوێی دیجیتاڵیی پڕۆژەی ڕووناکی لە گەرمیان، دەربەندیخان، دووکان، چەمچەماڵ و سەیدسادق دەخرێتەکار.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سیستمی نوێی دیجیتاڵیی وەزارەتی کارەبا دەستبەکاردەبێت لە هۆبەی فرۆشیاری وزەی گەرمیان، دەربەندیخان، دووکان، چەمچەماڵ و سەیدسادق کە نزیکەی 280 هەزار هاوبەش سوودی لێدەبینن.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم سیستمە نوێیە لە هۆبەکانی فرۆشیاری وزە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان یەکدەخرێت و سوودی دەبێت لە ڕاییکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان و پڕۆسەی پسوولەکردن و پارەدان لە ڕێگەی سەکۆی پارەدانی دیجتاڵی ئی-پسوولە بەشێوەیەکی خێراتر و ئاسانتر.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەنگاوە دوای ئەوەدێت، کە پێشووتر هەمان سیستم لە هۆبەکانی فرۆشیاری هەولێر، سلێمانی، دهۆک، زاخۆ، هەڵەبجە، ڕاپەڕین، سۆران، کۆیە و خەبات جێبەجێکرا و ڕەنگدانەوەی چاکسازییەکانی پڕۆژەی ڕووناکییە.