نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق لە بەغداد پێشوازیکرد لە ئاسۆ مامەند، سەرپەرشتیاری کەرکوک – سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
لە دیدارێکدا، کە هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تیایدا ئامادەبوو، دۆخی گشتیی وڵات تاوتوێکرا و دڵنیایی درا لە بەردەوامی هەماهەنگی و هاریکاری نێوان لایەنەکان کرایەوە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی.
هەر لە دیدارەکەدا، ڕەوشی کەرکوک، گفتوگۆی لەبارەوە کرا و بەڕێز سەرۆککۆماری عێراق ستایشی ڕۆڵی یەکێتی و ئاسۆ مامەندی کرد بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان و ڕایگەیاند، ئەم سیاسەتەی پەیڕەو دەکرێت، فاکتەری بەهێزی سەقامگیری و ئارامییە، نەک لە کەرکوک بگرە لە عێراقیشدا، چونکە قبوڵکردنی پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی لە شارەکەدا لە خزمەتی کەرکوکێکی ئاوەدان و خۆشگوزەرانتردا دەبێت.
لای خۆیشیەوە، ئاسۆ مامەند سوپاسی پشتگیرییەکانی سەرۆککۆماری عێراقی کرد و ڕایگەیاند، بە پەرۆشەوە کاردەکەن بۆ خزمەتکردنی کەرکوکییەکان بەبێ جیاوازی دەمانەوێت هەموو هاوکارمان بن تا بە پڕۆژە و کردەوە، خزمەتی زیاتری شارەکەمان بکەین.