وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، نەمان وتووە داهاتمان 400 ملیار دینارە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند ، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنێکی وەزیری دارایی لە کەناڵێک، کە تێیدا داهاتی ناوخۆی پێنج مانگی ڕابردووی هەرێمی کوردستانی خستبووەڕوو، هەریەک لە بەڕێزان عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و عومەر گوڵپی کاندیدی دەرچووی پەرلەمانی کوردستان بە ناشارەزایی و نەزانی چەند لێکدانەوەیەکی نادروستیان بۆ داتاکان کردووە، ئەوەی پەیوەندی بەوەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە هەیە بە پێویستمان زانی لەم چەند خاڵەی خوارەوە وەڵامیان بدەینەوە.
1- لەدەستپێکی قسەکانیدا بەڕێز عەلی حەمەساڵح دەڵێت وەزارەتی دارایی پێشتر ڕایگەیاندووە داهاتی مانگانەیان 400 ملیار دینارە، ئەو قسەیە هیچ بنەمایەکی نییە و هیچ کات وەزارەتی دارایی ئەو ئامارەی بڵاونەکردووەتەوە، داهاتی ناوخۆ ژمارەیەکی جێگیر نییە و مانگانە بەرز و نزم دەکات، جێی خۆیەتی لە کاک عەلی بپرسین بێ زەحمەت ئەم 400 ملیارەت لەکوێ هێناوە؟
2- لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت داهاتی خاڵە سنوورییەکان مانگانە 140 ملیار دینارە ئێستا چۆن ڕێی تێدەچێت 40 ملیار دینار بێت، داهاتی خاڵەسنوورییەکانیش هاوشێوەی داهاتەکانی تر بەردەوام لەگۆڕاندایە، لە ڕابردوو هەر ژمارەیەک بووبێت لە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە دەرکەوتووە و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان خۆیان لە گومرگ و دەروازەکان وردبینیان کردووە و ژمارەکانیان لە بەردەست بووە، وەهیچ لایەنێکی فەرمی و یاسایی ڕەخنەیان لێی نەبووە، نازانین سەرچاوەی ئەو زانیارییانەی کاک عەلی باسیان دەكات چییە؟!.
بۆ هەموو ئەوانەی داتاو زانیاری ناڕاست بڵاو دەکەنەوە، لامان سەیرە ئەو بەڕێزانە تا ئێستا ئاگاداری دۆخ و فشار و ئابڵوقەی سەر هەرێم نین، هەروەک ئەوەی لێرە نەژین، لە هەموو بوارەکانی باج و گومرگ و بیمە و هتد….کە فشارێکی ئابوری و بازرگانیی توندی لەسەر هەرێمی کوردستان داناوە.
سەرباری شـ.ـەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێـ.ـران کە کاریگەرییەکانی گەیشتووەتە سەرتاسەری دنیا و کاریگەریی ڕاستەوخۆشی لەسەر عێراق کردووە، بە چ لۆجیکێک کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان جێناهێڵێت؟.
ڕاستیەکەش ئەوەیە هەروەک بەپێی داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە دەرکەوتووە بەنزیکەیی لە 70%ی داهات کەمبووەتەوە.
3- لە بەشێکی تری قسەکانیدا باس لە داهاتی هاتوچۆ دەکات، سەرباری ئەوەی سەرچاوەی زانیارییەکانی لای ئێمە ڕوون نییە و وەزارەتی دارایی / ژمێرکاری لێی بەرپرس نییە، ژمارەکە هەرچەندێک بێت مانای ئەوە نییە ئەوە داهاتی کۆتاییە و دەچێتە خەزێنەی گشتییەوە، بەڵکو بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان وەزارەتی ناوخۆ و چەند وەزارەتێكی دیکە بەشێک لە داهاتیان بۆ خۆیان دەبێت، ئەوەی دەمێنێتەوە لەو ڕێژەیە دەبێتە داهاتی کۆتایی.
4- لە درێژەی قسەکانیدا بەڕێز عەلی حەمەساڵح دێتە سەر داهاتی کارەبا و مانگانە بە 90 ملیار دیاریدەکات، بەشێکی ئەم ژمارەیە کە ئێمە لێی دڵنیا نین، قەرزی فرۆشتنی کارەبایە لای هاوڵاتییان و کۆمپانیاکان، بڕێکی دیکەشی تایبەتە بەکرێی فرۆشتنی کارەبا بە وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان کە بە تەنیا چـ.ـەک و مەقاسەیە لەنێوان وەزارەتەکان، واتە وەک ژمارە دەردەکەوێت بەبێ بوونی کاش ئەوەی دەمێنێتەوە وەک کاش بەكردەیی بەکاردەهێنرێت کە زۆر لەو 90 ملیارە کەمترە، ئەوە سەرباری ئەوەی بەشێک لە داهاتی کارەبا ڕاستەوخۆ دەدرێتەوە بەخۆیان بەمەبەستی بەکارهێنانی تێچووی چاکكردنەوەی وێستگەکان و محاویلە و تۆڕەکانی گەیاندنی کارەبا و …….هتد.