ئەمساڵ بەهۆی بەرزیی ڕێژەی دابارین و ڕژانی ئاوێکی زۆر بۆ ناو چەم و بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 9 ملیار مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە.
ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە سەرەتای وەرزی دابارینی ئەمساڵەوە بەشێکی زۆر لە بەنداوە بچووکەکان سەرڕێژبوون، بەنداوی دووکان نزیکە لە سەرڕێژبوون و بەنداوەکانی دەربەندیخان و دهۆک پاش سەرڕێژبوون، ئاوی لێ بەردەدرێتەوە.
بە وتەی ڕەحمان خانی، ئەمساڵ لە سێ بەنداوی گەورەی هەرێمی کوردستان و 22 بەنداوی بچووک، زیاتر لە 9 ملیار مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە، ئەو بڕە ئاوەش لە وەرزی هاویندا وەک سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە، کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردێت.