پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ یادی دامەزراندنی یەکێتی

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی یادی دامەزراندنی یەکێتییەوە بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکە:

لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، لەم دۆخە سەختە ئابوری و ناسەقامگیرییە هەرێمییەی کە خەڵکەکەمانی تێدایە، ئەوە دووپاتدەکەینەوە کە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی خۆماندا هاوپشت و هاوسەنگەرین.

دەمەوێت لە ناخی دڵمەوە سوپاسی کۆمەڵانی خەڵکی خۆمان بکەم بۆ ئارامگرتن و خۆڕاگرییان و دڵنیایان دەکەینەوە کە لەسەر هەوڵە بێوچانەکانمان بەردەوامدەبین بۆ خزمەتکردن و پاراستنیان. لە هەنگاوەکانی داهاتووماندا، یەکڕیزیی عێراق و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان وەک دوو کۆڵەکەی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی وڵاتەکەمان دەمێننەوە. لەپێناو ئەمەشدا، لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستەکانمان لە عێراق و سەرانسەری جیهان هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە.

هەروەها بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە نوێیانە دەکەین کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان. کردەوەی لەم جۆرە هەڕەشە لە سەلامەتی و سەقامگیریی خەڵکەکەمان دەکات و هەوڵەکان بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی ئارام و خۆشگوزەران بۆ هەموو عێراقییەکان تێکدەدەن.

لەم یادەدا، ڕێز لە میراتی بەردەوامی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دەگرین، کە دیدگای بۆ پێکەوەژیان، دیالۆگ، دیموکراسی و هاوبەشیی نیشتمانی بەردەوام ڕێنیشاندەری ڕێگەکەمانە.

بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیرییەکی بەردەوام، دەبێت بە جددی کاربکەین بۆ چاککردنەوە و بونیادنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، لە هەمان کاتدا دڵنیاببینەوە لەوەی کە عێراق بە سەربەخۆیی و سەروەریی خۆیەوە دەمێنێتەوە.

لە کۆتاییدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڵێنە نەگۆڕەکەی دووپاتدەکاتەوە، بۆ خەباتکردن لەپێناو تەواوی مافەکانی گەلی کورد لە هەموو شوێنێک، شانبەشانی خوشک و برا سەربەرزەکانمان لە عێراق.

هەر شاد و سەرکەوتووبن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share