وەزارەتی پێشمەرگە: وەزیری پێشمەرگە واژووی لەسەر پلەبەرزکردنەوەی هەزار و 385 ئەفسەر کرد

وەزیری پێشمەرگە واژووی لەسەر پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزەکانی 70، هێزەکانی پشتیوانی، فەرماندەیی بەرگری و فریاکەوتن کرد.

وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ 1ی حوزەیرانی 2026، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، واژووی لەسەر خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی (فەرماندەیی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە، هێزەکانی پشتیوانی یەک، هێزەکانی پشتیوانی دوو و فەرماندەیی هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن) کرد.

لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، بەگوێرەی خشتەکان، هەزار و 385 ئەفسەر لە سەرجەم ئەو هێزانە پلەکانیان بەرزکراوەتەوە.

هاوكات، لەگەڵ واژووکردنی خشتەکەدا، وەزیری پێشمەرگە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ئەو ئەفسەرانە کرد، کە پلەکانیان بەرزکراوەتەوە، ئەمەش دەقی پەیامی پیرۆزبایی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەیە:

بەبۆنەی پلەبەرزکردنەوەی هەزار و 385 ئەفسەری قارەمانی (فەرماندەیی هێزەکانی 70، هێزەکانی پشتیوانی یەک، هێزەکانی پشتیوانی دوو و فەرماندەیی پێشمەرگەی بەرگری و فریاکەوتن)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ئەو ئەفسەرە بەڕێزانە دەکەم کە پلەکانیان بەرزکراوەتەوە.

ئەم پلەبەرزکردنەوەیە، شایستەییەکی یاسایی و دەرەنجامی ڕاستەوخۆی دڵسۆزی، ماندووبوون و شەونخونی ئێوەی تێکۆشەرە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانتان و پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان.

خۆشحاڵین کە هەوڵەکانمان لە ڕێکخستنەوە و ئاساییکردنەوەی پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە سەرکەوتووبوو؛ ئێستا پڕۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی و یاسایی لە کات و وادەی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت.

دڵنیام ئەم قۆناغە نوێیەی پلەبەرزبوونەوەتان دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێزتر بۆ بەردەوامبوون و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانمان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.

هیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم لە ئەرکە پیرۆزەکەتان، هەمیشە سەربەرز و سەرکەوتوو بن لە پێناو خزمەتکردنی زیاتر و پارێزگاریکردن لە خەڵک، خاک و ئاڵای کوردستان.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share