دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بۆ یادی یەکێتی: بە ڕێز و شانازییەوە یادی شـ.ـەهیدان و خەباتگێڕانی ڕێگەی ئازادی دەکەینەوە

دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکە

دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، پیرۆزبایی 51ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات.

بەبۆنەی (51)ــــەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، تێکۆشەرانی یەکێتی، پێشمەرگە قارەمانەکان، زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر، گەنجان و لاوان، ژنان، خوێندکاران و تەواوی خەڵکی کوردستان دەکەین، سڵاو و درود دەنێرین بۆ گیانی پاک و بەرزەفڕی شکۆی نەتەوە، نیشتمان و ڕابەری نەتەوەییمان، سەرۆک مام جەلال و سەرجەم شەھیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کورد و کوردستان.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕۆژی 1/6/1975، بەیاننامەی دامەزراندنی خۆی بڵاوکردەوە لەکاتێکدا باڵی نائومێدیی هەموو تاکێکی کورد و کوردستانی گرتبووە خۆی لە ئەنجامی ئاشبەتاڵی شۆڕشی ئەیلول لە ئازاری 1975 دا بەمەش ئومێدی بەخشی بە کوردستانییان، شۆڕشێکی ڕاستەقینە لەو ساتەوە ھەڵگیرسا کە ڕۆلی گەورەی لەلایەن سەرۆک مام جەلالەوە بوو؛ هەروەها بە خوێنی ھەزاران شەھیدی سەر بەرز و داکۆکیکارانی یەکێتی ئامانجە ڕەواکانی میللەتی کورد هاتەدی.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماوەی پێنج دەیە خەبات و تێکۆشاندا، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پاراستنی مافە نەتەوەیی، نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان، بەدیهێنانی دەستکەوتە سیاسی، دیموکراسییەکان، ئازادی، دیموکراسی، یەکسانی، چەسپاندنی مافی مرۆڤ و نەھێشتنی دیکاتۆریەت و ھێنانە کایەی بیر و ئاراستەی سیاسیی جیاواز و فرە حزب هێنایە کایەوە کە ئێستا ئەزموونەکەمان لەسایەیدا بە ھەرێمێکی دەستووری و دامەزراوە یاساییەکانی لە حکومەت و پەرلەمان و سیستمێکی فیدراڵی شاد بووە.

لەم یادە پیرۆزەدا، بە ڕێز و شانازییەوە یادی شەهیدان و خەباتگێڕانی ڕێگەی ئازادی دەکەینەوە، بە تایبەتی سەرۆک جەلال تاڵەبانی کە بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بناغەی ئەم حزبە نیشتمانییەی دانا، بۆیە لە ھەموو کات زیاتر میللەتەکەمان پێویستی بە پرەنسیپەکانی لێبوردەیی، حیکمەت، دووربینی و قبوڵکردنی بەرانبەر ھەیە کە سەرۆک مام جەلال سەرمەشق بووە تیایدا. هەر لەم بۆنە گرنگەدا تەبایی و یەکڕیزی و پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان بۆ پاراستنی ئەزموونەکەمان بە پێویست دەزانین.

بەرز و شکۆ داربێت ساڵڕۆژی دامەزارندنی حزبی شەھیدان

دروود بۆ رۆحی پاکی سەرۆک مام جەلال و شەهیدانی رێگەی رزگاریی کورد و کوردستان

باڵیۆز د. محەمەد سابیر

سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share