مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی یادی (51) ساڵەی دامەزراندنی حزبەکە و (50) ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکە:
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
هەڤاڵانی یەکێتی
ئەمڕۆ پەنجا و یەک ساڵ بەسەر دەستپێکی خەباتی یەکێتییەکەتان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پەنجا ساڵ بەسەر پەرپاکردنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان تێپەڕدەبێت.
بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە ئەم تێکۆشانە بۆ سەرفرازیی ئەوان بەرپابووە.
خەباتی خوێن و فرمێسکی یەکێتی و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، دوای شانزە ساڵی بێ وچان لە وێستگەی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991، بە نەخشەی ورد و ژیرانەی یەکێتییەکەتان، گەیشتە قۆناغی ڕزگاری بەشێکی بەرچاوی خەڵک و خاکی کوردستان، زەمینەی بیناکردنی ئەزموونی دیموکراتی و حوکمی خۆبەخۆی بۆ ڕەخساندین کە سەرەڕای دژواری و ناکۆکیی ناوخۆیی، بووە ئەزموونێکی پایەداری ئەوتۆ، دوای ڕووخانی دیکتاتۆری بەعسیش، لە دەستووری عێراقدا چەسپێنراوە.
ئاکامی تێکۆشانی یەکێتی و شۆڕشە ئومێدبەخشەکەی بە ڕابەرایەتیی سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵە دێرینەکانی لە دەستەی دامەزرێنەر و پێشمەرگە و فەرماندەی مەفرەزە سەرەتاییەکان، لە کوردستان و سەرتاسەری عێراقدا بۆتە شانازییەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی مەزن و نەبەردی دیموکراتی درەوشاوە. بە سەربەرزییەکی کوردانەوە، عێراقی ئێستا بەرهەمی ئەندێشەی کەمەندکێشی ئەم شۆڕشە نوێباوەی یەکێتییە کە مەسەلەی کوردستانی تا سەرکەوتنێکی چۆنایەتیی بردە سەرەوە و عێراقی گەیاندە بژاردەیەکی فیدراڵی و دەستووری کە تەنانەت نەخشەڕێگەی یاسایی ماددەی 140ـیشی بۆ پرسی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان چەسپاندووە. لەسەر ئەو بنچینەیەش هەوڵی یەکێتی بۆ پێکەوەژیان و سەرکەوتنی ناسنامەی کوردستانێتیی کەرکوک، تا سەر درێژەی دەبێت.
ئەمڕۆش کە بیرەوەریی ئەم بۆنە میللییەی دامەزراندنی یەکێتی و بەرپاکردنی شۆڕشی نوێیە، وەک یەکێتی، بەڵێنی لێبڕاوانە دووپاتدەکەینەوە هەمیشە و تا دوا ئامانجی مافی چارەنووس، هەر یەکێتییەکەی خزمەتکاری کۆمەڵانی خەڵک و داکۆکیکاری ڕاستگۆی ویست و مافەکانیان بین. هەمان یەکێتییەکەی سەرۆک مام جەلال بین کە ئێستا بە سەرپەرشتیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کاروانی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی و هێنانەدیی هەموو ئیستحقاقە دەستووری و نیشتمانییەکانی شەراکەتی ڕاستەقینە، بەرەو پێشەوە دەبات. لە قۆناغێکی بووژاوەدا کە حیساب لەسەر قسە و هەڵوێست و بڕیاری یەکێتی دەکرێت، چونکە ئەوی دەیڵێت جێبەجێی دەکات.
لە قۆناغێکدا لەسەر بنچینەی وەفاداری بۆ تێکۆشانی دێرین، خەباتی ئۆرگانیمان وا نوێ و تۆکمە دەبێتەوە کە دەرەقەتی ئەرکەکانی داهاتووی کوردایەتی و دیموکراتی بێت.
جا لە کاتێکدا گەلەکەمان و ئۆرگانە حزبییەکان بە پەرۆشەوە بۆنەکانی یادی یەکێتی بەرز ڕادەگرن، ئەمڕۆ حزبی شەهیدان وزە و ئیلهام لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕزگاری و ئەزموونەکەمان و ویستی نەتەوەیی گەلەکەمان وەردەگرێت بۆ ئەوەی، بە هاوسەنگیی حوکمڕانی و دادپەروەریی کوردستانییەوە، هەم دامەزراوەکانی حکومەت و پەرلەمان کارابکرێت و هەمیش تاقیکردنەکەمان، کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ڕەنجی دەیان ساڵەمانە، لە هەڕەشە و گوڕەشەی نەیاران بپارێزرێت
سەرکەوێت خەباتی ڕەوای یەکێتی بۆ (ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین)
سڵاو لە گیانی بەرزەفڕی شەهیدانی گەلەکەمان و یەکێتی و شۆڕشی نوێ
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان