تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان و لەپێناو پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان، پلان بۆ ڕۆژانی جەژن دانراوە و ڕێكاری پێویست گیراوەتەبەر.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە ڕۆژانی پشووی جەژنی قوربان سەرجەم نەخۆشخانە و فریاکەوتنەکانیان و سەنتەرەكانی چارەسەری شێرپەنجە و شوشتنی گورچیلە و تیمەكانی چاودێریی تەندروستی بەردەوامدەبن لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە شێوەی ئێشكگری.
ئاماژەی بەوەشدا، هاوكات تیمە تەندروستیەكان لە ڕۆژانی پێش جەژن و ڕۆژانی جەژن لەناو بازاڕەكان و شوێنە گەشتیارییەكان و سەیرانگاكان و ناوچە جیاجیاكان جێگیردەبن و ئامادەییان دەبێت بۆئەوەی خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشكەشی هاووڵاتیان بكەن و بەهانایانەوە بچن.
تەندروستیی سلێمانی هاوڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە کە دەتوانن لەكاتی پێویست و هەر ڕووداوێكی نەخوازراو پەیوەندی بە سەنتەری فریاكەوتنی خێرای تەندروستیی ژمارە 122 یاخود ژمارە مۆبایلی (07701949090-07701949191) بكەن بۆ ئەوەی تیمەكانیان بەهانایانەوە بچن.