دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێدەکات

سبەی لە سەنگاو، 84 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەبەشدەکرێت. شارەوانیی ناوچەکەش دەڵێت، فەرمانبەران ناتوانن کڕین و فرۆشتن بە زەوییەکانەوە بکەن تا ئەو کاتەی دەکرێت بە ناویانەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، دابەشکردنەکە بەپێی خاڵبەندی دەبێت و لەم قۆناغەدا لە خاڵی 49 تاوەکو خاڵی 24 زەویی وەرگرن.

شارەوانیی سەنگاو لە ڕوونکردنەوەیەکدا باسی لەوەکردووە، ئەو فەرمانبەرانەی ناویان لە لیستەکەدا هاتووە و خاڵەکانیان 25 خاڵە، بەشێوەی تیروپشک زەوی وەردەگرن.

ڕوونیشیکردەوە، پێویستە فەرمانبەر یاخود خانەنشین، کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری پێبێت و خۆی لە کاتی تیروپشکەکە ئامادەبێت. هەروەها ئەو کەسانەش کە دوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکە کۆچی دواییانکردووە، میراتگرەکەی وەفاتنامە کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی پێبێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی باسی لەوەشکرد، ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە کە بە تیروپشک زەویەکەیان بۆ دەردەچێت، ناتوانن کڕین و فرۆشتنی پێوەبکەن تا ئەو کاتەی تۆماردەکرێت بەناویانەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share