شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایدەکات، سبەینێ شەممە، ئەگەری تاوەبارانی بەهاریی مامناوەند بۆ بەخوڕ و هەورەبروسکەی زۆر بەهێز هەیە و بۆ گەشت و سەیران گونجاو نییە.
هەڤاڵ سدیق، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، سبەینێ شەممە کاریگەریی ئەو کەشوهەوا ناسەقامگیرەی ڕوویکردووەتە ناوچەکانمان بەردەوامدەبێت، لە کاتەکانی نیوەڕۆی سبەینێ بەدواوە بۆ ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ئاسمان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، ئەگەری تاوەبارانی بەهاریی مامناوەند بۆ بەخوڕ و هەورەبروسکەی زۆر بەهێز هەیە، هاوشێوەی ئەمڕۆ لە هەندێک کات هەورەبروسکەکان زۆر نزیک دەبن لە زەوییەوە، ئەمەش مەترسی هەیە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتییان.
باسی لەوەشکرد، داوا لە هاوڵاتییان دەکەین سبەینێ بە مەبەستی گەشت و سەیران بە هیچ جۆرێک سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان نەکەن، کاریگەریی ئەو بارستەهەوا ساردەی ڕوویکردووەتە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەبێت، لەگەڵ بوونی بارستەهەوایەکی سارد لە چینە بەرزەکانی بەرگەهەوای زەوی و بوونی بارستەهەوایەکی گەرم و شێدار لە بەشێک لە ناوچه جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تاوەبارانی بەخوڕ و ئەگەری بارینی تەرزەش هەیە.