کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، نووسیویەتی، ساڵ ساڵی كوردقڕانەكە بوو، كۆمەڵێك خوێندكاری هەڵەبجەیی بووین لە زانكۆی موسڵ، لە كەسوكارمان دابڕابووین، وەیشومەی 1988 لەلایەك هەڵەبجە و سیۆسێنان و بالیسان بە ژەهـ.ـر خـ.ـنكێنرابوون، لەلایەكی تر گەرمیان سەروماڵی فەوتابوو، چاوی بەعس لەسەر بادینان بوو، ناوی سلێمانیش بۆ ڕاگواستن لێرەولەوێ باسدەكرا.
خەڵكی هەڵەبجەش، ئەوەی شەهید بوو، گۆڕغەریب بوو، ئەوەی بە كیمیاوی بریندار بوو، لە كەمپ و نەخۆشخانەكانی ئێراندا چارەدەكران، ئێمەش چەند سەد خوێندكارێكی خەڵكی ئەو شارە بووین لە زانكۆكانی موسڵ و بەغداد و بەسرە و سەڵاحەدین لەكەسوكارمان دابڕابووین، نەماندەزانی خێزانەكانمان ماون یان شەهید بوون یان بریندارن، لە دۆخێكی ئێجگار خراپدا دەژیاین، دەروونمان شێوابوو، پارەمان لێبڕابوو، كەس نەیدەزانی چیمان بەسەردێت!!؟؟
دەمەوێت باسی شەوێكتان بۆ بكەم، نزیكەی سەعات 9 بوو، زیاتر لە 10 خوێندكاری هەڵەبجەیی لە بەشی ناوخۆیی لە ژوورەكەی ئاواتی ڕەسام كۆببووینەوە، باسوخواس تەنیا داماویی هەڵەبجە و سەگبابیی سەدام بوو، یەكێك دەیوت سەدام حسێن بكەوێتە بەردەستم لەتوپەتی دەكەم، یەكێك دەیوت نایكوژم دەیخنكێنم، ئیتر هەموومان ببووینە ڕۆستەمی زاڵ.
من کاتژمێر 10 مەجلیسم جێهێشت، لە بەشە ناوخۆییەكانەوە هاتمە خوارەوە گەیشتمە ترافیك لایتەكەی نزیك مزگەوتی هەیبەت خاتون، سەرم داخستبوو بەدەمڕێوە لە قوڵایی خەمەكانمدا نغرۆببووم، لەپڕ چاوم كەوتە سەر پلەیەكی سەربازیی سەرشان كە لە میدیا و تیڤییەكاندا زۆر بینیبوم لام نامۆ نەبوو، بەڵام چاوم هەڵبڕی لەسەر شانەوە بۆ دەموچاوی خاوەن پلەكە، ڕێك سەدام حسێن خۆی بوو لە پێش مارسیدسێكی سپیی سەرۆکایەتیی دانیشتبوو، من تەنها چەند ساتێك حەپەسام و نەگەیشتە 5 چركە، ئەوان لە ترافیك لایتەكەدا وەستابوون، هەر ئەوەندەم زانی بە جارێك لە 100 لاوە هاتوهاوار دەستی پێكرد بە زمانی رەق و زبر (ولك اتحرك) لە دوریی دەیان مەترەوە حیمایەكان لولەی چەكەكانیان لە ئۆتۆمبیلەكانەوە دەرهێنابوو، بە هێواشی من كشامەوەو هاتمە بەردەم كۆگاكانی تەنیشت مزگەوتەكە.
پیاوێكی بەتەمەن شەرواڵی لەپێبوو عەگالی بەسەرەوە، هاتە تەنیشتم، بەزمانێكی موسڵاوی خەست وتی (أشبیك رب الحلو زاید علی أهلك؟ عندك لحیة وتدحق علی سید الرئیس في موكبه؟ روح صلي ركعتین لربك بعدك عایش) خەڵك هەموو بە حەپەساوی و بە بێدەنگی لە من و كەژاوەكەی سەدامیان دەڕوانی!! بەڵام من چیم دی؟! من دەڵێم سەد ترۆمبیل تۆ بڵێ هەزار بە راجیمە و رادار و تۆپی دوورهاوێژ و ئەمبوڵانس و لۆری و هەرچی چەكێك تۆ بڵێی بۆ داگیركردنی وڵاتێك لە رەتڵ و مەوكب و سوپا ئامادە كرابوون.
مەبەستم لە گێڕانەوی ئەم بەسەرهاتە دوو شتە:
یەكەم: هەموو هەڕەشەكانمان لە سەدام فشە دەرچوون، بۆیە نابێت مرۆڤ لە خۆیەوە هەڕەشە بكات ئەگەر لە توانایدا نەبوو جێبەجێیبكات، چونكە من تەنها مەترێك تا دوو مەتر لەو خوێنمژەوە دوور بووم، هیچیشم نەكرد..
دووەم: لەو شەوەدا بۆمدەركەوت سەدام پیاوێكی زۆر ترسنۆكە و تەنیا لە میدیا عێراقی و عەرەبیەكاندا وەك پاڵەوان ناسرابوو، سوپایەكی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو بۆ پارێزگاریی، چونكە ئێران چەند موشەكێكی زەوی بەزەوی گرتە بەغداد، ئەم پیاوە بارەگای بەغدادی گواستەوە بۆ موسڵ، پاش ئەوەی ئێران چەند موشەكێكی بە موسڵیشەوە نا، ئەوسا سەدام خۆیی و سوپاكەی گەڕانەوە بەغداد، هەرواشبوو قسەكەی من بوو، چۆن هەڕەشەو گوڕەشەكانی ئێمەی خوێندكار هەمووی فشەبوون، سەدامیش كە بە پاڵەوانی عروبە ناسرابوو، لە كونە سەگێكدا بە بێ تەقە دەستگیر كرا، ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.