دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، ڕایگەیاند، خزمەتگوزاریی تێلیگرام لە عێراق دەستیپێکردەوە.
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، ڕایگەیاند، خزمەتگوزارییەکانی ئەپڵیکەیشنی تێلیگرام لە سەرتاسەری عێراق دەستیانپێکردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئیدارەی ئەپڵیکەیشنەکە بە ڕەسمی بەڵێنیداوە پابەندی مەرجە ڕێکخراوەییەکان و یاساکانی وڵات بێت.
دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشتر داواکاریی ڕەسمییان ئاراستەی کۆمپانیاکە کردبوو سەبارەت بە ڕێکخستنی ناوەڕۆک و پاراستنی زانیارییەکانی بەکارهێنەران، دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییەکەش لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنانە بووە کە ئیدارەی تێلیگرام داویەتی.
هاوکات وەزارەتی پەیوەندییەکان دەستی بە ڕێکارە تەکنیکییەکان کردووە لە ڕێگەی دەروازە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ ئەوەی ئەپەکە بەبێ کێشە کار بکات، لە هەمان کاتدا دەستەی ڕاگەیاندن دووپاتی دەکاتەوە کە هەموو پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا لە عێراق پابەندن بە ڕێزگرتن لە بەرژەوەندییە گشتییەکان و ئاسایشی زانیاریی نیشتمانی.