پۆلیسی سلێمانی: بەتۆمەتی دزیکردن دوو تۆمەتبار دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە دوو چالاکیی جیادا و بەتۆمەتی دزیکردن، دوو تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەدەوە، دەستگیرکران.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەک لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەد سکاڵای تۆمارکرد کە لە ماڵەکەیدا ماتۆڕسکیلێک و چەند مۆبایلێک و هەندێک کەلوپەلی کارەبایی لێدزراوە، بڕیاری دادوەر وەرگیرا و دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکرد و زانیاریی پێویست بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار کۆکرایەوە، سەرەنجام توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربکرێت. هەروەها لە ماڵی تۆمەتباردا دەستگیرا بەسەر مۆبایلەکان و کەلوپەلە کارەباییەکاندا.

ڕاشیگەیاند، تۆمەتبار (یـ، ف، أ) لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (446) لە یاسای سزادان ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە چالاکییەکی تردا و لەسەر سکاڵای هاوڵاتییەک، مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەد بە هاوکاریی بنکەی پۆلیسی شارەزوور، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە لە ماڵی سکاڵاکاردا لە سلێمانی، بڕێک پارەی دزیبوو.

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی باسکردووە، “دوای لێکۆڵینەوەکان، دەرکەوتووە کە تۆمەتبار لەگەڵ خوشکێکیدا بە ناوی دەرۆزەکردنەوە، لە چەند گەڕەکێکی شاری سلێمانی دزییان لە چەند ماڵێک کردووە و لەئێستادا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (444) لە یاسای سزادان، ڕاگیراوە”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

خوێندکارانی زانکۆی سۆران ڕوونکردنەوە لەبارەی رووداوی کوشتنی دوو مامۆستای زانکۆ بڵاودەکەوە

خوێندکارانی زانکۆی سۆران ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی ڕووداوی کوشتنی دوو مامۆستای زانکۆ لەلایەن خوێندکارێکی زانکۆکەوە بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، ئەو هەڵمەتی…
Total
0
Share