سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە بڕی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان ناڕازی بووە و 48 ملیار دیناری ڕەتکردووەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە، ڕۆژی یەکشەممەى ڕابردوو، نووسراوێکیان بۆ وەزارەتى دارایی حکومەتى عێراق ناردووە کە تێیدا داهات و خەرجییەکان لەسەر بنەماى تەرازووى پێداچوونەوە ڕەوانەکراوە و داهاتى نانەوتییش 48 ملیار دینار و چەند سەد ملیۆنێک بووە.
وتیشى، تەیف سامى، وەزیری دارایی عێراق ڕەتیکردووەتەوە کە ئەو بڕە پارەیە وەک داهاتى نانەوتیی مانگى نیسان وەربگرن و داوایکردووە بڕەکەى زیادبکرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکراکرد، بڕیارە پارەکە بۆ سەرووى 55 ملیار دینار زیادبکرێت و ئەگەر تاوەکو پێنجشەممە ڕێکارەکان تەواوبکرێن، ئەوا داهاتى نانەوتی هەمان ڕۆژ دەخرێتە سەر هەژمارى بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق لە لقى هەولێرى بانکى ناوەندی.