واشنتن هەڕەشەی جدیی لە تاران دەکات و لەبەرانبەریشدا ئەو وڵاتە دەهۆڵی دەستپێکردنەوەی جەنگ دەکوتێت، سەرۆککۆماری ئێرانیش دەڵێت، “ئەمریکا خیانەت لە گفتوگۆکان دەکات”.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی سکای نیوز، ماوەی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران بەرەو کۆتایی دەچێت و لە ئێستا هیچ خواستێک لەسەر درێژکردنەوەی وادەی ئاگربەست نییە و واشنتن هەڕەشەی جددی لە تاران دەکات و ئێرانیش دەڵێت، “بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دەستپێشخەرییەک ئامادەین”.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا ئێران دەستپێکردنەوەی گەڕێکی دیکەی دانووستانەکان و دووەم گەڕی دانیشتن لەگەڵ ئەمریکا لە پاکستان ڕەتدەکاتەوە و سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ کە گەڕی دووەمی دانووستانەکان ئەمڕۆ دەبێت لە پاکستان بڕیار وایە بەڕێوەبچن.
سەبارەت بە لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک پلانیان نییە بەشداریی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پاکستان بکەن و وتیشی، “ئەوەی ئەمریکا دەیکات و باسی لێوەدەکات دوو ئاڕاستەی جودان و بەهیچ شێوەیەک ئاگربەست و گەمارۆ سەربازییەکانی واشنتن لەگەڵ دانووستانەکان نایەتەوە و ئێمەش بەهیچ شێوەیەک بەشداریی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا لە پاکستان ناکەین”.
هەروەها لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران، لە ڕاپۆرتەکەی سکای نیوزدا هاتووە، ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک بیر لە درێژکرنەوەیی ماوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران ناکاتەوە و لەمبارەیەشەوە سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر ئێران لەگەڵ وڵاتەکەی ڕێکنەکەوێت ئەوا بەتاواوەتی ژێرخانی ئابووری و بەتایبەت پرد و وێستگەکانی وزەی ئەو وڵاتە تەفروتونا دەکات و بەهەر شێوەیەک بێت دەبێت تاران لەسەر مێزی گفتوگۆکان لەگەڵ نێردەی وڵاتەکەی لە پاکستان دابنیشێت و بە ڕێککەوتن قایل ببێت.
سەبارەت بە خاڵی دژبەیەکی نێوان تاران و واشنتن کە تا ئێستا لەسەری رێکنەکەوتوون بنکۆڵکارییەکی ڕۆژنامەی نیویۆڕک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، تاران بە چەند خاڵێکی دانووستانەکانی لەگەڵ واشنتن دەستوپەنجەی نەرمکردووە و لەسەر هەندێک خاڵیش بەهیچ شێوەیەک دانوستان ناکەن و گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێندراویش وەک خاکی وڵاتەکەمان پیرۆزە و بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداریی نابین.
لەلایەکی دیکەشەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند،واشنتن خیانەت لە دیپلۆماسیی دەکات و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و وتیشی، “ئیسرائیل بە ئاشکرا هەڕەشەی تیرۆر دەکات و کردووشیەتی، بەڵام تا ئێستا هیچ و ڵاتێک ئامادە نییە لەسەر ئەم پرسە بدوێت”.