کەمال ڕەئوف: سەیرە لایەنێک بە فرمێسکی تیمساحی فەزڵی شۆڕشگێڕی بەسەر خەڵکی سلێمانیدا لێبدات

کەمال ڕەئوف، نووسەر و ڕۆژنامەنووس نووسینێکی سەبارەت بە ڕووداوەکانی شەهیدبوونی غەزال مەولان نووسیوە و بە وردەکارییەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە.

کەمال ڕەئوف، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، نووسیویەیەتی، بەنیاز نەبووم هیچ لەسەر چۆنیەتیی بە خاكسپاردنی شەهید غەزال بڵێم، بەڵام كە كار گەیشتە سەر ئەوەی سوكایەتی بە سلێمانی ‌و خەڵكەكەی بكرێت، بڕیارمدا وەک ڕوونكردنەوەیەک ئەم چەند دێڕە بنووسم.

ئاماژەی بەوەکردووە، كۆمەڵە و حزبی كۆمۆنیستی ئـ.ـێران، لە پێش ڕاپەڕینەوە لە دەڤەری سلێمانی ‌و زڕگوێز نیشتەجێبوون، بە درێژایی ئەو مێژووە، سلێمانی ‌و خەڵكەكەی وەک میوان نا، بەڵکو وەک خانەخوێ مامەڵەیان لەگەڵ ئەم هێزە كردوە و لە هەر كێشە و گرفتێكیشدا پێكەوە، بەرەو ڕووی بوونەتەوە، بۆ سلێمانەییەكان ئەم هەڵسوكەوتە بە چاكە حساب ناكرێت، چونكە سلێمانی بەردەوام لانكەی خەباتگێڕ و پشتوپەنای كوردانی پارچەكانی دیكه‌ بووە، زۆربەی سەركردەكانی كورد ئەم شارەیان وەک جێگەیەکی ئارام‌ و شوێنی پەناگەی خۆیان زانیوە.

باسی لەوەشکردووە، سلێمانی بە مێژووەكەیدا دیارە كە تەنیا هەر شاری ڕۆشنبیری، شاعیران، هونەرمەندان، میدیای ئازاد و قەڵەمی بوێر نییە، بەڵكو شاری بوێری سیاسی ‌و ئیرادە بەرزیشە، لە بەرامبەر داگیركەرانی كوردستان، سلێمانی بەردەوام وزەی ئەژنۆ و توانای هەستانەوەی دوای شكست ‌و نسكۆكان بووە، ئەم شارە شاری ئەختەر خانی هاوسەری ڕەشۆڵ‌ و عەولەسیسە، شاری پشتیوانی ملیۆنی ڕۆژئاوا و لانكەی شۆرشگێرانی كوردانی باكورو ڕۆژهەڵاتییەكانە، ئیتر چی عەجەب كەسێک یان لایەنێک زاتی ئەوە بكات فەزڵی شۆڕشگێڕێتی ‌و جوامێری بەسەر خەڵكی ئەم شارە لێبدات، هەڵوێستی پێبفرۆشێتەوە ‌و بە فرمێسكی تیمساحی ‌و بە چیرۆكی ناڕاست خەڵكەكەی ناشیرین بكات، گەر ڕوو قایمی نەبێت، كێ پڕكێشی ئەوە دەكات، لەناو چیرۆكێكی درۆینەی موغریزانەدا، بیەوێت دەرسی مەردایەتی‌ و جوامێری فێری خەڵكی ئەم شارە بكات.

ڕاستی چيرۆكەكه..
هەر لە پاش ڕاپەڕینەوە، لە سلێمانی بەردەوام جگە لە حزب‌ و لایەنە سیاسییەكان، چەندین گروپی ناڕازی‌، تۆڕ و ڕێكخراوی مەدەنی ‌و میدیای ئازاد بوونی بەهێزیان هەیە، ئەم ‌تۆڕ و میدیایانە ڕۆڵیان هەبووە لە ڕێكخستنی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەكان، دوای ڕووداوەكەی شەهیدكردنی غەزالی جوانەمەرگ، لەسەر داوای خاتوو پەیمان عیزەدین‌ و چەند برادەرێكی دیكه‌، هەڵمەتی ئیمزاكۆكردنەوە بۆ لێكۆڵینەوە لە هەڵسوكەوتی نەشیاوی نەخۆشخانەكان دەستیپێكرد، تا ئێرە ئەوەی بڵاودەكرایەوە و دەمانبیست بۆ ئێمە جێگەی شۆک بوو، كاک محەمەد ڕەئوف تەلەفۆنی بۆ كردم و وتی کاتژمێر دوو بەنیازن لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەدی هیندی تەرمی شەهید غەزال بەخاكبسپێردرێت، دواتر لە گروپچاتی پەنجەرە، هەمان هەواڵم خوێندەوە، پەیوەندیم بە د. جەعفەر عەلی ‌و كاک هاوكار عیزەتەوە كرد، ئەوان دیاربوو ئاگادارنەبوون ‌و بڕیاریاندا پێكەوە بچین، كاک محەمەد ڕەئوف تەلەفۆنی كردەوە، بڕیارماندا لەگەڵ د. جەعفەر بە یەک سەیارە بچین، پێش کاتژمێر دوو ئێمە لە نزیک گۆڕستانەکە یەكمانگرت، بەڵام بیستمان بە خاكسپاردنەكە خراوەتە کاتژمێر سێ، بۆیە ناچار پێكەوە لەو ناوە ماینەوە تا کاتژمێر سێ، كە چووینە گۆڕستانەکە، چۆڵبوو، چەند كەسێكی كەمی لێبوو ئەوانیش پێیانوترابوو، برادەرانی كۆمەڵە دەڵێن لەبەر باری ئەمنی، ئێرە چۆڵبكەن، چونكە موشەک دراوە لە گۆڕستانی زڕگوێز، مەترسی لێرەش هەیە، ئیتر هیچ وادە و شوێنێكی دیكه‌ دیارینەكرا بۆ شوێن ‌و وادەی بەخاكسپاردن، دواخستنەكەش هیچ پەیوەندیی بە ئیدارەی سلێمانییەوە نەبوو، لەسەر خواستی برادەرانی كۆمەڵە خۆیان بوو، نەک ڕێگریان لێكرابێت، وەک ئەوەی هەندێک كەس ویستیان وای وێنابكەن كە ڕێگریكراوە و دەرگای مزگەوتەكانیان بەڕوودا داخراوە.

لە کۆتایشدا دەڵێت، دواتر كاک حەمە ڕەئوف بە نامەیەک بۆی نووسیم، دوای گەڕانەوەی خۆمان لە گۆڕستان، برادەرانی كۆمەڵە چەندجارێک تەلەفۆنیان بۆ كردووم، جارێک وتیان کاتژمیر چوار بە خاكی دەسپێرین، دواتر وتیان نا دەیخەینە کاتژمیر پێنج‌ و پاشان تەلەفۆنیان كردەوە وتیان دەیخەینە کاتژمێر پێنج‌ و نیو، ئیتر پاش ئەو هەموو وادە گۆرینە من كۆڵمدا، بەڵام  دواتر كاک عوسمان زیندانی تەلەفۆنی بۆكردم وتی، ئەگەر نزیكی وەرە، ئەوكاتە من ل ەشەستیەكە نزیكبووم، بۆیە بە خاكسپاردنەكە ئاوای لێهات، بۆیە هەقوایە ئەو كەس ‌و لایەنانەی ویستان وێنای سلێمانی ناشرین بكەن، پێویستە پۆزش بهێننەوە نەبا لەباتی ئەو ئەركەی كردویانە وەک خۆ بەپاڵەوانكردن لە سەریان حساب بكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی: لە حەوت ساڵدا زیاتر لە دوو هەزار سەرپێچی تۆمارکراون

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لیژنەكانیان بەردەوامن لە سەردانكردن و لە حەوت ساڵی رابردوودا 523 دەرمانخانە، نۆرینگە،…
Total
0
Share