شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ شەپۆلێکی بارانبارین دەگاتە زۆرێک لە ناوچەکانمان و خێرایی با زیاددەکات.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی کاریگەریی شەپۆلێکی دەریای سوور و ناوەڕاست بۆ ناوچەکانمان، سبەی شەممە لە کاتەکانی نیوەڕۆوە ئاسمانی ناوچەکانمان دەگۆرێت بۆ نیمچەهەور، سەرەتا هەورەبروسکە و بارانی بەخوڕ لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستانەوە لە سنووری پارێزگای دهۆک، نەینەوا و ئیدارەی زاخۆ دەستپێدەکات، پاشان بەگوێرەی کات لە ئێوارە و شەودا شەپۆلەکە بەهێزتر و فراوانتر بەرەو زۆرێک لە ناوچەکان شۆڕدەبێتەوە، بەوهۆیەوە ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ و چالاکبوونی با دەبێت، لەو ماوەیەدا خێرایی با لەنێوان 15 بۆ 40 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت.
وتیشی، ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە کاریگەریی ناجێگیریی کەشوهەوا بە بەهێزی بەردەوامدەبێت و زۆربەی شوێنەکان لە کات و شوێنی جیاوازدا هەورەبروسکەی بەهێز و بارانی زۆر بەهێز دەبێت، لەگەڵ بارینی تەرزە و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، بەهۆی بەهێزی تاوە بارانەکانەوە ئەگەری دروستبوونی لافاویش لە هەندێک شوێندا دەبێت، پلەی گەرمیش تاوەکو 4 پلە نزمدەبێتەوە.