هەڵکشانی ڕووداوەکانی کوشتن لە هەولێر؛ هۆکار و ڕێگەچەرەکان لە ساڵی 2026 دا

لە ساڵانی ڕابردوو و بەتایبەت ماوەی ساڵانی 2024 و 2025 و دەستپێکی 2026 دا شاری هەولێر شاهێدی زیادبوونی بەرچاوی ڕووداوەکانی کوشتن بووە.

بەشێکی زۆری ڕووداوەکان بەهۆی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، ناکۆکییە خێزانییەکان و ململانێ لەسەر زەوی و زار بووە و هێزە ئەمنییەکانیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەکارهێنانی چەکی بێ مۆڵەت هۆکاری سەرەکییە بۆ زیادبوونی ئەم ڕووداوانە بە جۆرێک کە لە هەندێک باردا تەنیا بەهۆی دەمەقاڵێیەکی سادەوە تاوانێکی گەورەی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ئامارە نا ڕەسمییەکان، تەنیا لە چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 15 ڕووداوی کوشتن تۆمارکراون کە تێیدا چـ.ـەکی جۆراوجۆر بەکارهاتووە و ئەمەش وایکردووە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ هەڵمەتەکان بۆ کۆکردنەوەی چەکی بێ مۆڵەت توندتر بکەن و چەندین بنکەی تایبەت بۆ تۆمارکردنی چەک بکەنەوە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئەم بارودۆخە.

چالاکوانانی مەدەنی و توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان هۆشداری دەدەن کە بارودۆخی ئابووری و فشارە دەروونییەکان و کاریگەرییە خراپەکانی سۆشیاڵ میدیا ڕۆڵیان هەبووە لە زیادبوونی توندوتیژییەکان و داوا دەکەن لەپاڵ ڕێکارە یاسایی و سزاکاندا کار لەسەر لایەنی پەروەردەیی و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارەساتانە بکرێت و ئاسایشی شارەکە بپارێزرێت.

هۆکارێکی دیکەی ئەم ململانێیانە پەیوەندی بە کێشەی کۆنی عەشایەرییەوە هەیە کە هەندێک جار دەبێتە هۆی کوژرانی چەندین کەس لە یەک خێزاندا و ئەمەش ئەرکی دادگاکان و هێزەکانی ناوخۆی قورستر کردووە لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بنبڕکردنی دیاردەی تۆڵەسەندنەوە و چەکداری لەناو شاردا.

نوێترین ڕووداوی کوشتن لە هەولێر بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 17ی نیسانی 2026 ڕوویدا کە دوو برای تەمەن 14 ساڵ و 18 ساڵان بەناوەکانی هۆشمەند محەمەد و ئەمیر محەمەد، لە گەڕەکی فەرمانبەران کوژران.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی: هەرکەسێک سکاڵا لە ماتۆڕسکیلێکی بێسەرەتا بکات دەستی بەسەردا دەگرین

وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی ئاشکرایدەکات، ناتوانین کۆڵان بە کۆڵان بەدوای ماتۆڕسکیلەوە بین، بەڵام هەرکەسێک سکاڵا لە ماتۆڕسکیلی بێسەرەتا تۆماربکات،…
Total
0
Share