پێشڕەو مەلاوەیسی، ڕۆژنامەنووس و میدیاكار لە وتارێکدا لەژێر ناونیشانی “کەناڵە مۆرەکە، فاوڵ” دەنووسێت، “سەیرە بەناو كەناڵێكی كوردی بیت، كەچی بە زمانێك بدوێت دژایەتی سلێمانی و خەڵکەکەی و ئیدارەکەی بکات.” هاوکات دەشڵێت، “تۆیەك كە هەر ڕۆژەو لە بەرەیەكی چلۆن تێدەگەی، هەر ئەمشەو دەبێت ڕووماڵی ئاهەنگگێڕانی نەوەكانی خاوەن درۆنەكان بكەی كە خەریكە لەو شارەی بارەگای كەناڵەكەت دەبنە زۆرینە، كەچی دەتەوێ دەستە چەورەكەی خۆتان بەسەری سلێمانی و خەڵكەكەیدا بهێنی.”
پێشڕەو مەلاوەیسی لە درێژەی وتارەکەدا نووسیویەتی، “سەیرە بەناو كەناڵێكی كوردی بیت و خاوەندارییەكەی بۆ كوڕی سەرۆكی حكومەت بگەڕێتەوە، كەچی بە زمانێك بدوێت تەواو لە سەنگەری دژایەتیی سلێمانی، وە نەك هەر ئەوە بە عوقدەی دوژمنكاراییەوە تەماشای سلێمانی و خەڵكەكەی و سیاسی و ئیدارەكەی بكات، ئەمەش ئەو وێنەیەمان نیشاندەدات یان ئەوەتا كوڕ ئێستا سەنگەری لە باوكیشی گرتووە و بەگوێی ناكات! كە ئەمەیان زاڵترە چونكە كێشە خێزانییەكانیان چووەتە قۆناغی نزیكتر، ئەگەرنا خۆ وەزارەتێك و دەستەیەكی حكومەتەكەی باوكی ئەو شێوازی ڕووماڵ و ڕشتنی ژەهری دووبەرەكی و خزمەتكردنی بە دوژمن حەرامكردووە، یان ئەو ڕێنماییانە بۆ كەناڵە مۆرەكەی كوڕەكوی بەدرە! یان دەبێت ڕێكەوتن و گرەوی سیاسییان كردبێت لە نێوان كوڕ و باوك، كە ئەوەی بە باوكی نەكرا دژ بە سلێمانی و خەڵكەكەی كوڕ بیكات و ژەهری شكستەكانیان بڕێژن.
زیادیکردووە، “دواتر، كاكی مۆر، تۆ دەزانی ئیفلاسی سیاسی چییە؟ بامن پێت بڵێم، تۆیەك كە هەر ڕۆژەو لە بەرەیەكی چلۆن تێدەگەی، هەر ئەمشەو دەبێت ڕووماڵی ئاهەنگ گێڕانی نەوەكانی خاوەن درۆنەكان بكەی كە خەریكە لەو شارەی بارەگای كەناڵەكەت دەبنە زۆرینە، كەچی دەتەوێ دەستە چەورەكەی خۆتان بەسەری سلێمانی و خەڵكەكەیدا بهێنی، دەزانی ئاغاكانی تۆ هەزار و یەك عەیبیان هەیە، بەڵام ڕاگەیاندنی یەكێتی و سلێمانی خاوەن پەروەردەیەكی نیشتمانی و نەتەوەیین بۆیە هیچ كات وەك ئێوەیان نەكردووە و ناشیكەن.”
ئەوەشی خستەڕوو،”ئێوە لێرە وا وێنای خۆتان دەكەن كە زۆر نیشتیمانین، بەڵام ئەوە پێچەوانەی سیاسەتتانە لە بەغدا، ئێوە لە پێناوی پۆستێكی زیاتر لە عێراق ئامادەن هەموو تەنازولێك بكەن، با بەبیری كەناڵە مۆرەكەو خەڵكیشی بهێنمەوە كە ئێوە لە كەركوك هەموو هەوڵێكی خۆتاندا تا كوردێك نە بێتە پارێزگاری ئەوشارە، كەنەتانتوانی، ئیدی بەسە فەلسەفە و فرمێسك ڕشتنی تیمساحی و خۆڵكردنە چاوی خەڵك، تۆزێك نیشتیمانی بیركەنەوە، ئەگەر لێشی نازانن تەماشای میدیای یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بكەن.”
لەكۆتایدا، دەڵێم كاكی مۆر ستۆپ، بەس فاوڵ بكە، با میدیای یەكێتیی لێتان نەكەوێتە سەنگەرەوە، دەنا دەبێت سەری سەر سەریتان هەڵگرن.
پێشڕەو مەلاوەیسی
ڕۆژنامەنووس و میدیاكار