بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات، “دوێنێ ڕۆبۆتەکانی باڵی دەستڕۆیشتووی پارتی لەڕێی شاشەی تیڤییەوە دەهۆڵی شەڕی ڕاگەیاندنیان دژی یەکێتی کوتا و زرمەیان لێ هێنا”.
دەقی پەیامەکە:
هێدی پاژۆ
دوێنێ ڕۆبۆتەكانی باڵی دەستڕۆیشتووی ناو پارتی، لە ڕێی شاشەی (تی ڤی)ـیەكانیانەوە دەهۆڵی شەڕی ڕاگەیاندنیان بەشێوەیەكی زۆر ئاست نزمانە لە دژی یەكێتی كوتا و زرمەیان لێ هێنا. چ دەهۆڵێک، كە نە لە نزیكەوە و نە لە دوورەوە دەنگی نەک هەر خۆش نییە، بەڵكو لە دەنگێكی زۆر بێزاركەر و شوم دەچێت.
دەبێ مەرام لەم دەنگە شومە بۆچیبێت؟ لەكاتێكدا كە وەیشومەی شەڕ بەرۆكی ناوچەكەی گرتووتەوە و مەترسییەكانی لەسەر هەرێم و گەلەكەشمان دروستكردووە؟ بۆیە گەل و وڵاتەكەمان لەم دۆخە مەترسیدارەدا پێویستی بە ئاوازی ئاشتی و یەكڕیزی و تەباییە، نەک دەنگی دەهۆڵێكی زۆر ناخۆشی جەنگی میدیایی و سیاسی لە ناوخۆی هەرێم كە زۆر بە نەزانانە دەهۆڵەكە دەكوتن، ئەمەش ئەو پەندەمان دەهێنێتەوە یاد، كە دەڵێت، بەردێک نەزان بیخاتە ناو گۆمەوە، بە هەزار زانا نایدۆزنەوە.
بابێینە سەر كرۆكی بابەتەكەمان، كە چەمكی ئیفلاسی سیاسی و گرووپە چەكدارەكانی عێراقە. پێمان سەیرە ئەوان باس لە ئیفلاسی سیاسی دەكەن، نامانەوێ زۆر لەسەر ئەم چەمكە بوەستین، چونكە هەموو خەڵكی كوردستان دەزانن كێ خەریکبوو هەرێمەكەمان بەرەو شەڕ و ماڵوێرانی ببات و چ لایەنێكیش بوو، سەرقاڵی ڕاستكردنەوەی هەڵە و چەوتی و بڕیارە نادروستەكانیان بووە، كە ئەگەر بۆیان ڕاستنەكرێتەوە، گەلەكەمان باجێكی گەورە دەدات.
سەبارەت بە گرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبییش، ئێمە هیچ قسەیەكمان نییە و تەنیا قسەكانی بەڕێز هۆشیار زێباری بڕیاردەر و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی بەسە، كە بە چ شێوەیەک پێناسە و پیاهەڵدان و مەدح و سەنا و پەسەندی ئەو گرووپانە دەكات و هەموو یەكێتییەكان تا ساڵێكی دیكە ناتوانن پێناسەیەكی هاوشێوەی بەڕێز زێباری بۆ ئەو گرووپانە بكەن.
خواهەڵناگرێ وەفدی باڵای پارتییش كە سەردانی بەغداد دەكەن، بەشێوەیەک ماچبارانی سەركردە باڵاكانی ئەو گرووپانە دەكەن، كە بە دوو ماچ و چوار ماچ ڕازی نابن و لەگەڵ باوەشە گەرم و گوڕەكانیان، شەش جار ماچبارانیان دەكەن و ئەگەر پێتان باشە دیمەنی ئەو ماچبارانە و دیدارە مێژووییەكەی بەڕێز هۆشیار زێباری و دكتۆر فوئاد حسێن و ئەوانی تر بۆ ڕای گشتی بڵاودەكەینەوە.
بەشی بەدواداچوونی میدیایی بۆردی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان