کەشناسێک: لە هەندێک ناوچە ئەگەری دروستبوونی گەردەلوولی تۆڕنادۆ هەیە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ تۆڕنادۆ و گەردەلوولی باراناوی دروستدەبێت.

هەڤاڵ سدیق، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، سبەینێ پێنجشەممە، لە تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی یەکگرتنی دوو نزمەپاڵەپەستۆ لە دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست، لە تەواوی ناوچەکانی هەولێر، کەرکوک، سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین ئەگەری تاوەبارانی بەلێزمە، هەورەبروسکەی بەهێزی باراناوی، تەرزەی قەبارە بچووک و مامناوەند هەیە.

وتیشی، لە هەندێک شوێن و ناوچە، بەهۆی بەهێزیی شەپۆلەکە و بەیەکگەیشتنی بارستەهەوایەکی سارد و شێدار لەگەڵ بارستەهەوایەکی گەرم و شێدار، هەروەها دابەزینی زیاتری پەستانی هەوا و دروستبوونی هەوری سوپەرسێڵ، تۆڕنادۆ و گەردەلوولی باراناوی دروستدەبێت، له هەندێک شوێن و کاتدا لەوانەیە تەرزەی قەبارە گەورەش ببارێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ لە زۆرێک لە ناوچە نزماییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە، لە هەندێک ناوچه، لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا ڕێژەی بارانبارین 80 بۆ 150 ملیم تێپەڕدەکات.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share