بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ئاشکرایدەکات، تۆمەتباری کوشتنی دکتۆر دلێر دەستگیرکراوە و لەدایکبووی ساڵی 2005ە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، پاش ئەوەی لە گەڕەکی (ئاری – شۆڕش) لە شاری هەولێر، ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە مامۆستایەکی زانکۆ بەناوی (دکتۆر دلێر ساڵح) کە سەرۆکی بەشی زانستی کۆمپیوتەر بوو لە کۆلێجی زانستیی زانکۆی سەڵاحەدین، کـ.ـوژراوە و تـ.ـەرمەکەی و ماڵەکەشی سوتێندراوە، بۆیە هەر زوو توانیمان ناسنامەی تۆمەتبار دەستنیشانبکەین، بەناوی (ز. ع. ح. ع)، کە خەڵکی دیالەیە و لەدایکبووی ساڵی 2005ە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە گوێرەی بەدواداچوونەکان تۆمەتبار پاش کـ.ـوشتی (دکتۆر دلێر)، ئۆتۆمبێلەکەشی بردووە و کاتژمێر 12:29 خولەک هەولێری بەجێهێشتووە.
ڕوونیشیکردەوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدراڵ، کاتژمێر 5:30 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ تۆمەتبار لە بازگەی (خان بەنی سەعد) لە دیالە بە خۆی و ئۆتۆمبێلەکەوە دەستگیرکرا.