کاروان گەزنەیی: لە ساڵیادی راپەڕیندا ئامانجی سەرۆک بافڵ پاراستنی خاک و میلەتەکەمانە

کاروان گەزنەیی رایدەگەیەنێت، ئامانجی یەکێتی و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانیش پاراستنی خاک، هاوڵاتییان و میللەتەکەمانە.

کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، لە ساڵیادی راپەڕینە مەزن و مێژووییەکەی گەلەکەماندا، بە رێز و شانازییەوە یادی دەکەینەوە، کە لە 5ی ئازاری 1991دا، بە پێشڕەوی یەکێتی و خەڵک لە رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە وەرچەرخانێکی مێژوویان خوڵقاند.

وتیشی، دەستکەوتی هەرە گەورەی راپەڕین بریتیبوو لە دامەزراندنی حکومداریی هەرێمی کوردستان و چەسپاندنی ناسنامەی سیاسی و دەستوریی کورد لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، ئەم دەسکەوتانەش بە ئاسانی بەدەستنەهاتوون و پاراستنیشیان پێویستیی بە هۆشیاری و یەکڕیزیی نیشتمانیی هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆیە لەم قۆناغە هەستیارەدا، بە تەبایی و یەکگرتوویی ئەرکی سەرشانمانە، لە بەغدادەوە، بە پشتبەستن بە دەستوور و یاساکان، هەوڵەکانمان چڕبکەینەوە، تاوەکو مافە دەستورییەکانی گەلی کورد زیاتر بچەسپێنین.

کاروان گەزنەیی وتیشی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەمیشە خۆی بە پارێزەری بەهاکانی ڕاپەڕین زانیوە، بە تایبەت لە ئێستادا گەلەکەمان شاهێدی جەنگێکی هەرێمییە، ئامانجی یەکێتی و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانیش پاراستنی خاک، هاوڵاتییان و میللەتەکەمانە.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share