کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ لە زۆرینەی ناوچەکان بارانبارین بەردەوامدەبێت و تا کاتەکانی شەو دەخایەنێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، لە سنووری پارێزگای هەولێر و کەرکوک نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی دەبارێت، بەڵام لە ناوچەکانی دیکە (پارێزگای دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، سۆران، راپەڕین و گەرمیان) رێژەی دابارین زیاتر دەبێت و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ئەو ناوچانە تا کاتەکانی شەو بەردەوامیی دەبێت، هەروەها پێشبینی دەکرێت هەندێک کات بارانبارین بەشێوەی لێزمەباران و هەورەتریشقە بێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکان بەفربارین دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پلەی گەرمی بە نزیکی 2 تا 4 پلە نزمدەبێتەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان (5 – 7) پلە نزمتردەبێت لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
کەشناسی پێشبینییش دەکات، سبەی شەممە، ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت، نمەباران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سۆران دەبارێت، هەروەها ئەگەری بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوور هەیە.
بەرزترین پلەی گەرمیی پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر 15 پلەی سیلیزی
پیرمام 8 پلەی سیلیزی
سۆران 10 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران 1 پلەی سیلیزی
سلێمانی 13 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ 15 پلەی سیلیزی
دهۆک 8 پلەی سیلیزی
زاخۆ 9 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە 15 پلەی سیلیزی
گەرمیان 20 پلەی سیلیزی