وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، دانوستانەکانی ئەم خولەمان لەگەڵ ئەمریکا، لە خولی یەکەمی دانوستانەکان باشتربوو.
پاش تەواوبوونی خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە جنێڤ، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە یەکەم لێدواندا رایگەیاند، “لەم خولەی دانوستانەکان، گفتوگۆکان باشتربوون و کەشەکە بونیادنەرانەبوو، توانیمان لەسەر کۆمەڵێک پرس و بابەتی بنەمایی بگەینە رێککەوتن”.
وتیشی، “راستە رێگەی گەیشتن بە رێککەوتنێکی بنەمایی سەختە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە رێگەی رێککەوتن دەستیپێکردووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هێشتا روون نییە کە چ کاتێک خولی سێیەمی دانوستانەکان ئەنجامدەدرێت، بەڵام رێککەوتن هەیە دەقەکان لەنێوان یەکتردا ئاڵوگۆڕبکەین و لەسەر کاتی خولی داهاتووی دانوستانەکان رێکبکەوین”.