دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان لە عێراق ڕایگەیاند، “ڕەزامەندی دەربڕیوە بە كارابوونی خزمەتگوزارییەكانی نەوەی چوارەمی ئاسیاسێڵ.”
لە ڕاگەیەندراوێكدا دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان لە عێراق ڕایگەیاند، “كۆمپانیای ئاسیاسێڵ هەموو قەرزەكانی داوەتەوە بە حكومەت و لە بەرانبەردا دەستەكە قایل بووە بە خستنەكاری خزمەتگوزارییەكانی نەوەی چوارەمی كۆمپانیاكە.”
ڕوونیشیكردووەتەوە كە وەك دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان، پابەندن بە بڕیاری دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵیی بەغداد/ كەرخ و بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئەمیندارانی دەستەكە و لەو سۆنگەیەوە ڕەزامەندییان لەسەر ئەو خزمەتگوزارییانەی ئاسیاسێڵ دەربڕیوە.
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق ڕایگەیاندووە، “كاركردنیان بەپێی دەسەڵاتە دەستووری و یاساییەكانە كە پەیوەستن بە ڕێكخستنی هەردوو كەرتی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان.”
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، كۆمپانیای ئاسیاسێڵ كاركردنی بە نەوەی چوارەمی خزمەتگوزارییەكان “4G” بەشێوەیەكی ئەزموونی ڕاگەیاند، بەڵام دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق جەختیكردەوە تا كۆمپانیاكە قەرزە كەڵەكەبووەكانی نەداتەوە، مۆڵەتی خستنەكاری ئەو خزمەتگوزارییانەی پێنادرێت.