داوای یاسایی لەسەر مەلا مەزهەر تۆمارکرا

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت، مەلا مەزهەر رووبەڕووی یاسا دەکەینەوە.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەبارەت بە لێدوانی مەلا مەزهەر تاهیر لەبارەی ژنانەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “​بەداخەوە مامۆستایەکی ئاینی لە شاری هەولێر، بە ناوی (مەلا مەزهەر تاهیر)، لە کەناڵێکی میدیایی لێدوانێکی بڵاوکردووەتەوە و بێڕێزییەکی زۆر بە ئافرەتان و رۆڵ و پێگەی ئافرەت دەکات. ناوبراو لە روانگەیەکی تەسکەوە، رۆڵی ئافرەتی کەمکردووەتەوە لە ماڵەوە و وەک خزمەتکارێک وێنای کردووە کە ئەرکەکەی تەنیا لە ماڵەوەیە”.

دەشڵێت، “ئەو وتانەی ناوبراو بە تەواوی دژی بنەمای ئاینییەکانە و پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و شکۆی ژنانە؛ بۆ ئەو مەبەستە، دەستەی مافی مرۆڤ لە رێگەی داواکاری گشتییەوە، ئەو کەیسە دەجووڵێنێت و ناوبراو رووبەڕووی یاسا دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی وتەکانی مەلا مەزهەر دژی ماددەی 14ـی دەستووری عێراقە کە ئەم ماددەیە، بە روونی باس لە ئەوە دەکات، کە یەکسانی هەیە لە نێوان ژن و پیاو”.

ئەوەش هاتووە، “جگە لەوەش، هیوادارین وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان، رێکاری پێویست بگرنەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی پێشێلکاری بەرامبەر خەڵک دەکەن لە ژێر ناوی ئاین و مینبەرەکانەوە. ​بەتوندی دژی ئەو جۆرە لێدوانانەین و ئیدانەی دەکەین، بە رێزەوەش رۆڵی ژنان سەیردەکەین و بەرز دەنرخێنین”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share