فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایدەگەیەنێت، درێژەدان بە شەڕ و بەکارهێنانی زمانی شەڕ بۆ سەپاندنی چارەسەری تاکلایەنە، جێگەی قبوڵکردن نییە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، درێژەدان بە شەڕ و بەکارهێنانی زمانی شەڕ بۆ سەپاندنی چارەسەری تاکلایەنە جێگەی قبوڵکردن نییە و پێشتریش بووەتە هۆی کۆمەڵکوژی، کە سەردەکێشێت بۆ تاوانی جەنگ.
ئاماژەی بەوەشکرد، جێگیرکردنی تانک و تۆپخانە لە گەڕەکەکانی حەلەب، تۆپباران و ئاوارەکردنی هاوڵاتییانی مەدەنیی بێچەک و هەوڵدان بۆ هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردییەکان لە کاتی پرۆسەی دانوستاندا، چانسی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن تێکدەدات و زەمینە بۆ گۆڕانکاریی مەترسیداری دیمۆگرافی دەخوڵقێێت، هاوکات خەڵکی مەدەنی لەو دوو گەڕەکەدا گیریانخواردووە و لەبەردەم مەترسیی کۆمەڵکوژیدان.
دەشڵێت، لەکاتێکدا لەگەڵ گەلەکەمان لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە وەستاوین، چەند رۆژێکە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کاردەکەین بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە. لە دڵەوە پرسە، سەرەخۆشی و هاوخەمی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان دەکەین و دوعا بۆ زوو چاکبوونەوەی بریندارەکان دەکەین.