لە هەرێمی کوردستان چەند بەنداو سەرڕێژبوون؟

بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەو شەپۆلی بەفر و بارانەی لە ماوەکانی رابردوو روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، چەند بەنداوێک سەرڕێژبوون.

رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەهۆی کاریگەری ئەو شەپۆلی بەفر و بارانەی، کە لە سەرەتای کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو رووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کرد، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکان دوو تا سێ بەرامبەر زیاتر لە ساڵی پار باریووە، بەفربارینیش چەندین ناوچەی بەرفراوانی گرتووەتەوە.

وتیشی، ئەمەش بە رێژەیەکی باش داهاتی ئاوی لە سەرچاوەکانەوە زیادکردووە و کۆگاکردنی ئاو لە بەنداوەکان ئاستێکی باشیان تۆمارکردووە، لەو ماوەیەدا، لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، زیاتر لە نیو ملیار مەترسێجا، ئاو کۆگاکراوە، لە دەربەندیخان پێنج مەتر و لە دوکان چوار مەتر ئاستی ئاوەکەی زیادیکردووە، هەروەها بەنداوی لە دهۆک یەک ملیۆن مەترسێجای کۆگاکردووە و 41 سانتیممەتر زیادیکردووە، لە گۆمەسپان داهاتی بەنداوەکە یەک ملیۆن مەترسێجا بووە و یەک مەتر ئاستی ئاو زیادیکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەنداوە بچووک و مامناوەندەکانیش لە سنووری گەرمیان، سلێمانی، هەولێر و دهۆک، کە توانیان بە سەلامەتی شەپۆلی لافاوەکە تێپەڕێنن، زۆربەیان پڕبوون ئەوانی دیکەش زیادیانکردوە و ئاویان لێ کۆگاکراوە.

سەبارەت بەو بەنداوانەی کە سەرڕێژبوون ئاشکرایکرد، بەنداوی خنس لە دهۆک، هەروەها بەنداوەکانی دێوانە لە دەربەندیخان، سماقوڵی، شەوگێڕ و دێگەڵە، لە کۆیە سەرڕێژبوون.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share