شارەزایەکی کەشناسی: شەوی سەری ساڵ بەفر دەبارێت

شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، بەفر و بارانبارین کۆتایی نەهاتووە و دوو رۆژی داهاتوو، قۆناغی کۆتایی شەپۆلەکە دەستپێدەکاتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا، لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان بڕی پێویست باران و بەفر باری و وشکەساڵیی چەند ساڵەی رابردووی کۆتایی پێهێنا و مژدەی ئەوەش دەدەین، مانگەکانی داهاتووی وەرزی زستان، پێشبینیی بەفر و بارانی زیاتری تێدا دەکرێت و رێژەکان لە نۆرماڵ بۆ سەروو نۆرماڵ دەبن.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە کاریگەریی ئەو شەپۆلە سەرمایەی ئێستا هەیە لەسەر ناوچەکە، بۆ ئەمشەو و کاتەکانی بەیانیی سبەی چوارشەممەش، 31ـی 12ـی 2025، بە چالاکی بەردەوامیی دەبێت و پلەی گەرمی بە نزمی دەمێنێتەوە لەگەڵ بەردەوامیی دیاردەی شەختە و بەستن، بۆیە پێویستە ئاگاداربن و سەردانی ناوچە شاخاوییەکان مەکەن کە لەم کاتەدا، رێگەکان بەستوون و مەترسیی خلیسکان و لێکەوتنەوەی رووداوی نەخوازراویان دەبێت.

دەشڵێت، لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە [شەوی سەری ساڵ]، قۆناغی کۆتایی ئەم شەپۆلە دەستپێدەکاتەوە و جارێکی دیکە شەپۆلێکی مامناوەند بۆ چڕی بەفر و بارانبارین، لە دەریای ناوەڕاستەوە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە لەگەڵ هاتنەوەی بارستەهەوایەکی سارد، کە ئەمجارە بارستەهەواکە کەمتر ساردە بەراورد بە قۆناغی پێشتر و سەرەتای کاریگەرییەکانی لە سنووری پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکات و پاشان لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەوە، 1ـی 1ـی 2026، درێژدەبێتەوە بۆ سەر ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان و دواتر لە بەرەبەیانی رۆژی هەینییەوە، 2ـی 1ـی 2026، کاریگەریی شەپۆلەکە فراوانتر دەبێت و سنووری ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بە رێژەی باش و مامناوەند دەگرێتەوە و بە لاوازییش سنووری پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان دەگرێتەوە.

ئەو شارەزایە ئەوەشی باسکردووە، لەم شەپۆلەدا لە سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێر ئەگەری بارینی بەفری تەواو دەبێت تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان لە بەرزیی 800 بۆ 1000 مەتر زیاتر لە ئاستی رووی دەریاوە، لە خوار ئەو بەرزییەش بەفر و بارانی تێکەڵ یان تەنها باران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین، لە بەرزیی 1000 مەترەوە بەفربارینی تەواو دەبێت، واتا ناو شارەکان ئەمجارە پێشبینیی بەفربارین ناکرێتەوە، بەڵام ئەگەری بارینی بارانێکی زۆر دەبێت و لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەش کاریگەریی هەوا ساردەکە کەمتر دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان لە بەرزیی 1200 بۆ 1300 مەترەوە بەفر دەبارێت لە سەنتەری شارەکانیش بارانی باش و مامناوەند دەبێت.

ئاراس جەبار زیاتر روونیکردووەتەوە و نووسیویەتی، شەپۆلی ئەمجارە بۆ ناوچە شاخاوییە بەرز و سنوورییەکان، هەر بە سەرمای بەهێز و بەفری چڕ بەردەوامیی دەبێت، بەڵام لە ناوچە نیمچە شاخاوییەکان و نزمەکان، بە پێچەوانەوە پلەی گەرمی کەمێک بەرزدەبێتەوە و ئەمجارە ئەگەرەکانی بەفربارین لاواز دەبن.

پێشبینییش دەکات، “لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 3ـی 1ـی 2026، بە یەکجاری کۆتایی بەو شەپۆلە چەند رۆژییە بێت و کەشوهەوای ناوچەکە جێگیر دەبێتەوە و تا رێکەوتی 10ـی 1ـی 2026، پێشبینیی هاتنی باران و بەفری نوێ ناکرێت و بە درێژایی ئەو ماوەیەش، ناوچەکە لە ژێر کاریگەریی بەرزە پاڵەپەستۆیەکدا، جێگیر دەبێت”.

رێژەی پێشبینیکراوی بەفر و باران لە قۆناغی کۆتایی ئەم شەپۆلەدا:

– ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێر و ئیدارەی راپەڕین و سۆران، ئەگەری بارینی 40 – 60 سم بەفری نوێ دەبێت، هەروەها بارینی 30 تا 70 ملیم باران لە سەنتەری شارەکان و ناوچە نزمەکان.

– ناوچە شاخاوییە بەرز و سنوورییەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئەگەری بارینی 10 – 25 سم بەفری نوێ دەبێت، هەروەها بارینی 10 – 20 ملیم باران لە سەنتەری شارەکان و ناوچە نیمچە شاخاوییەکان.

– سنووری پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان ئەگەری بارینی 4 – 12 ملیم باران دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share