بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، رایگەیاند، بەهۆی بەفرەوە رێگەی سەرەکیی نێوان ئیدارەکانی سۆران و راپەڕین داخرا.
شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، رایگەیاند، “رێگەی زینی وەرتێ بە تەواوی داخراوە، نزیکەی 20 سانتیممەتر بەفر باریوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، مەودای بینین کەمبووەتەوە”.
وتیشی، “رێگەکە بەهۆی بەفرەوە بەجۆرێکە کە تەنانەت بۆ ئۆتۆمبێلی دەبڵ ئەکسلیش گونجاو نییە، داوا لە هاوڵاتییان دەکەین ئەو رێگەیە بەکارنەهێنن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بەفرەوە رێگەی چەند گوندێک داخراوە، بەڵام گرنگترینیان زینی وەرتێیە، چونکە رێگەیەکی سەرەکییە کە ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و سۆران پێکەوە دەبەستێتەوە.