دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڵگە ڤیدیۆی تۆمەتباری شکاندن و شێواندنی گۆڕی کریستیانەکانی کۆیەی بڵاوکردەوە.
دەزگای ئاسایش لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر، سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگیی یاریدەدەرێتیی ئاسایشی کۆیە و بەشی ئۆپراسیۆنی کۆیە، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بەدواداچوونیان ئەنجامدا لەسەر رووداوی شکاندن و شێواندنی گۆڕی کریستیانەکانی کۆیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان، دەرکەوت لە رۆژی 2ـی 12ـی 2025، تۆمەتبار (حسێن ساڵح مستەفا) لە بازگەی تۆبزاواوە بە ماتۆڕسکیل هاتووەتە قەزای کۆیە و لە کامێراکانی چاودێرییەوە، تۆمەتبار دەرکەوتووە و پرسیاری شوێنی گۆڕستانی کریستیانەکان دەکات، دەرکەوت تۆمەتباری ناوبراو هەمان ئەو کەسەیە کە گۆڕی کریستیانەکانی شەقڵاوەی شێواندووە و شکاندووە.