ئەمڕۆ 17ی کانونی یەکەم وەک رۆژی ئاڵای کوردستان دیاریکراوە، ساڵانە بەم بۆنەیەوە لە هەرێمی کوردستان و دامودەزگا رەسمییەکان رۆژی ئاڵای کوردستان بەرزرادەگیرێت و بۆنەی تایبەت بەڕێوەدەچێت.
مێژووی دیاریکردنی ئەم رۆژە وەک ئاڵای کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1945 و 35 رۆژ پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان، کاتێک کۆتا دامودەزگاکانی حکومەتی پادشایەتی لە مەهاباد لابران و لە شارەوانیی مەهاباد ئاڵای کوردستان هەڵکرا، لەوکاتەوە 17ی کانونی یەکەمی هەموو ساڵێک، ئاڵای کوردستان لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بە رەسمی لە سەرجەم شۆڕشەکاندا هەبووە.
هاوکات، لە ساڵی 1999، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە بڕیارێک ئاڵای رەسمیی هەرێمی کوردستانی ناساند، لە ساڵی 2009دا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا رۆژی 17ی کانونی یەکەمی هەمووساڵێک وەک رۆژی ئاڵا دیاریبکرێت، هەروەها لەو رۆژەدا سەرجەم ئاڵاکانی سەر دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بگۆڕدرێن و نوێبکرێنەوە.