وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی لە بەغدا، بە مەبەستی راگۆڕینەوە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق لەگەڵ موسەنا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەچوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە دروستکردنی کۆدەنگی لەنێوان هەموو لایەنەکان لەپێناو پێکهێنانی حکومەتێک کە جێی رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکان بێت.
قوباد تاڵەبانی دید و بەرنامەی یەکێتی بۆ چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو روون کردەوە و رایگەیاند عێراق پێویستی بە حکومەتێکی کارا و بەهێزە کە لەلایەکەوە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق بپارێزێت و لەلایەکی دیکەشەوە هەنگاوی جدی بنێت بە ئاراستەی گەشەپێدانی ئابووری هەموو ناوچەکانی عێراق بەبێ جیاوازی.
سەرۆکی وەفدی یەکێتی ئاماژەی بەوەشدا لەسەر بنەمای بەرنامە و رێبازی سەرۆک مام جەلال ئامادەن بۆ کارکردن و هاوکاری لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی هەرچی زووتر بگەینە رێککەوتنێکی تۆکمە و گشتگیر بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق.