وتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا، فەرمانی وەزارییان پێنەگەیشتووە کە لەناو شاری سلێمانی، دەست بە دابەشکردنی نەوت بکەن.
سەلام عومەر، وتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە سەرەتای مانگی 10ـوە دەستمانکردووە بە وەرگرتنی نەوت و دواتر دابەشکردنی بەسەر هاوڵاتییاندا.
وتیشی، نەوتی ماڵان بە سێ قۆناغ دابەشدەکرێت، (قۆناغی یەکەم: ناوچە شاخاوییەکان، قۆناغی دووەم: دەوروبەری شار، قۆناغی سێیەم و کۆتایی: ناو شار).
ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەشی هەرە زۆری ناوچە شاخاوییەکان نەوت دابەشکراوە و لە دەوروبەری شاریش، %90ـی هاوڵاتییان نەوتیان وەرگرتووە.
سەلام عومەر راشیگەیاند، نزیکەی 53 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە ناو شار دابەشنەکراوە و چاوەڕوانی فەرمانی وەزاریین بۆ دەستکردن بە پرۆسەکە.