قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەفدێکی باڵای یەکێتی سەردانی بەغدادی کرد و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردن دەستکەوتێکی گرنگی دیموکراسییە بۆ هەموو گەلی عێراق و هیوایان خواست بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن حکومەتێک پێکبهێنرێت کە لە ئاستی چاوەڕوانی و رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە بەشێکی گەورەی کێشەکانی عێراق و لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد بە گەڕانەوە بۆ دەستوور چارەسەر دەکرێن، هەربۆیە یەکێتی، پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی هەموو ماددەکانی دەستوور بە تەنیا رێگەچارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هەنگاونان بەرەو عێراقێکی سەقامگیرتر و گەشەسەندوو دەزانێت.
وتیشی، یەکێتی پێداگرە لەسەر ئەوەی ئەولەوییەتی یەکەمی هەردوو حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان و بەغداد دەبێت چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بێت، بە تایبەتیش کێشەی بودجە و نابێت بە هیچ شێوەیەک چیتر بودجە وەک مافێکی دەستووری خەڵکی کوردستان بخرێتە چوارچێوەی ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکانەوە.