تۆڕی هاوپەیمانیی 19: ئیدانەی کـ.ـوشتنی هاوڵاتییانی مەدەنی دەکەین لە هەولێر

تۆڕی هاوپەیمانیی 19، پەیامێکی سەبارەت بە “رووداوە خوێناوییەكەی گوندی لاجان” بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکە:

تۆڕی هاوپەیمانیی 19 هەموو رواڵەتێكی توندوتیژی ئیدانەدەكات، داوا لە دەزگا ئەمنییەكانی پارێزگای هەولێر دەكات لێكۆڵینەوەی جدی لەسەر كوژرانی كەسێكی سڤیل لە بەردەم كۆمپانیای لاناز بكات و مافی هاوڵاتییان لە رێكخستنی خۆپیشاندان و گردبوونەوە بپارێزێت و رێگر نەبن لە رووماڵی رۆژنامەنووسان.

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەكاتی خۆپیشاندانی بەشێک لە هاوڵاتییانی گوندی لاجانی سەر بە پارێزگای هەولێر، لەبەردەم كۆمپانیایەک كە داوای دامەزراندنیان دەكرد، شەڕ و ئاڵۆزی روودەدات و لە ئەنجامدا، كەسێک دەكوژرێت و چەند كەسێكیتر برینداردەبن.

هەروەها رێگری لە بەشێک لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكرێت، رووماڵی رووداوەكە بكەن و كەلوپەلی رۆژنامەوانیش دەشكێندرێت.

شەیما ئەحمەد، پەیامنێری كەناڵ8 بە تۆڕی 19ـی راگەیاند، لەكاتی رووماڵی راستەوخۆدا بووم لەسەر رووداوەكە، لەلایەن چەند كەسێک بە بەرگی سەربازییەوە، هێرشكرایە سەرمان و پەخشەكەیان وەستاندین، هەروەها بەشێک لە كەلوپەلی رۆژنامەوانییەكەیشمانیان شكاند.

تۆڕی هاوپەیمانیی 19، ئیدانەی كوژرانی خەڵكی مەدەنی دەكات و داوا لە دەزگا ئەمنییەكانی پارێزگای هەولێر دەكات، لێكۆڵینەوەی جدی لەسەر كوژران و برینداربوون بكات.

دەبێت مافی هاوڵاتییان لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گردبوونەوە پارێزراوبێت و رۆژنامەنووسانیش ئازادانە بتوانن رووماڵی رووداوەكان بكەن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share