پۆلیسی هەڵەبجە دەستگیرکردنی گەنجێکی راگەیاند، کە بە سەرکێشیکردن بە ئۆتۆمبێلەوە مەترسی لەسەر گیانی خۆی و هاوڵاتییان دروست دەکرد.
لە راگەیەندراوێکی پۆلیسی هەڵەبجەدا هاتووە، “دوای بڵاوبونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا دەردەکەوێت شۆفێری ئۆتۆمبێلێک لەناو شەقامێکی گشتی ناوشاردا سەرکێشی بەئۆتۆمبێلەکەیەوە دەکات و دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بەخۆی و مەترسیی دروستکردن بۆ شۆفێرانی ناو شەقامەکە، دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەدواداچوون لەسەر ئەو رووداوە توانرا
لەلایەن بەشی پۆلیسی ناوشار بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە شۆفێری ئۆتۆمبیلەکە دەستگیربکرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکە بە ناوی (ڕ. ع. م) تەمەن 25 ساڵان بەماددەی 493 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشیدا گیراوە.