بە كورت و كرمانجی، پارتی دەستی تۆمەت بۆ یەكێتی درێژدەكات و دەڵێت، یەكێتی رێگریی لە پێكهێنانی كابینەی نوێ دەكات، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بدەن، بۆچی یەكێتی رێگرە لە پێكهێنانی كابینەی نوێ؟ ئەو هۆكارانە چین كە یەكێتی بۆچی ناچێتە ژێرباری كابینەیەكی نوێوە؟
-ئایا یەكێتی رێگریی لە پێكهێنانی هەمووجۆرە كابینەیەک دەكات؟ یان دژی مۆدێلی ئێستای حوكمڕانییە لە هەرێم، كە مودێلێكی شكستخواردووی حوكمڕانییە و یەكێتی نایەوێت هەمان ئەزموون لە هەرێم دووبارەبكرێتەوە، كە سەرچاوەی قەیران و كێشە هەمەجۆرەكانی هەرێمی كوردستانە، سەرچاوەی سەرهەڵدانی بیری جیاكاری و نادادپەروەری و ناوچەگەرێتی و هۆزگەراییە لە هەرێمی كوردستان. هاوكات سەرچاوەی بە حزبیكردنی دامودەزگا حكومییەكانە و هەموو شتێک دەخاتە خزمەت ئەجێندای حزبەوە؟
-بەهۆی ئەو مۆدێلە حوكمڕانییەوە، ئێستا هەولێر زیاتر لە پایتەختی حزبێكی سیاسی دەچێت و لایەنەكانی دیكە كە لە بنەڕەتدا خانەخوێن، خۆیان بە میوان دەبینن لە شار و پایتەختەكەی خۆیاندا!
-پرسیارەكە ئەوەیە، ئەمجۆرە مۆدێلە لە حوكمڕانی چ سوودێكی هەبووە بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و بۆ پتەوكردنی گیانی تەبایی و یەكڕیزیی و بەهێزكردنی پایەكانی قەوارەی هەرێمی كوردستان؟
-لە چ شوێنێكی ئەم جیهانە پان و بەرینە، دەسەڵاتێكی هاوشێوەی هەرێمەكەمان هەیە كە لە وڵاتێكی فرە حزبی و پەرلەمانی، ئیدارەی پایتەختی وڵات لەسەر ناوی تاكە لایەنێكی سیاسی تاپۆ بكرێت؟ بەڵام لە هەندێک پارێزگای دیكە، ئیدارە لۆكاڵی و خۆجێییەكان لەسەر بنەمای بنكەفراوانی بێت و هەر لایەنێک بەپێی سەنگ و رێژەی دەنگی خۆی بەشداریدەكەن لەو ئیدارە خۆجێیانەدا؟
-تا كەی پارتی رێگەنادات، هیچ لایەنێكی دیكەی سیاسی بەشداریی لە ئیدارە خۆجێییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆكدا بكات؟ هەروەها هۆكاری مۆنۆپۆلكردنی دەسەڵاتە خۆجێییەكان چییە؟
-لە چ حكومەتێكی بنكەفراواندا هاوشێوەی ئەزموونی هەرێم پەیڕەو دەكەن، كە لایەنێكی سیاسی سەرجەم دەستكەوتەكانی حكومەت بە دەستكەوتی خۆی بزانێت و دەسەڵاتە حزبی و حكومییەكان لە دژی هاوپەیمانەكانی خۆیان لە حكومەت بەكاربهێنن و هەوڵی ناشیرینكردنیان بدەن؟
– لە چ وڵاتێكی جیهاندا هەیە حكومەتێک بەئاشكرا جیاكاریی لەنێوان شار و شارۆچكەكاندا بكات و هەندێ ناوچەیان بێبەش بكات لە پرۆژەی خزمەتگوزاری، كاتێک وەڵامی ئەم هەموو پرسیارەمان دەستدەكەوێت، ئەوجا پرسیارێكی دیكە خۆی نمایشدەكات كە ئایا ئەم مۆدێلە لە حوكمڕانیی هەرێم جگە لە زیان، هیچ سوودێكی هەبووە بۆ هەرێمی كوردستان؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر. ئەمەیە هۆكاری رێگریكردنی یەكێتی لە پێكهێنانی كابینەی نوێ و یەكێتی ناخوازێت شەرعیەت بدات بە هەمان ئەزموونی شكستخواردووی پێشتر.
-یەكێتی پێیوایە حكومەتی هەرێم موڵكی تاكە لایەنێک نییە تا بە ئارەزووی خۆی دەسەڵاتی حكومەت لە بەرژەوەندیی خۆی و لە دژی ركابەرەكانی خۆی بەكاربهێنێت، بەڵكو بەرهەمی خەباتێكی دوورودرێژی گەلی كوردستان و بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، ئەو شەهیدانەی كە كەسوكاری هەندێكیان هێشتا لە سایەی ئەم مۆدێلە حوكمڕانییەدا بێبەشكراون لە شوێنی حەوانەوە و نیشتەجێبوون.
-ئەم حكومەتە بەرهەمی خەباتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە. ئەو پێشمەرگانەی كە لەدوای تێپەڕبوونی (34) ساڵ بەسەر رزگاركردنی هەرێمی كوردستاندا كەچی هێشتا بەشێكیان بەهۆی جیاوازیی بیروڕای سیاسییەوە بێبەشكراون لە پێدانی زەوی و دابینكردنی شوێنی حەوانەوە.! بۆیە گەرەكە پارتی ئەو راستییە بزانێت كە لە ئەنجامی دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گۆڕانكاریی بەسەر هاوكێشەكەدا هاتووە و وەكو جاران ناتوانێت (50+1) تێپەڕێنێت و تاكلایەنە بڕیار بدات. هەروەك گەرەكە ئەوان وەكو جاران هێڵی سوور دانەنێن بۆ كۆمەڵێك پۆستی گرنگ و بۆ خۆیانی قۆرغ بكەن (سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری ناوخۆ، سامانە سروشتییەكان، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی دادوەری، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاری و چەند پۆستێكی دیكە) و وابزانن ئەمانە تاپۆی خۆیانن و مافی هیچ لایەنێكی دیكە نین.
گەرەكە لەوە تێبگەن كە یەكێتی بەشداریی لە هیچ حكومەتێكدا ناكات ئەگەر شەریكێكی راستەقینەی ئەو حكومەتە نەبێت.
گەرەكە لەوە تێبگەن كە یەكێك لە هۆكارەكانی شكستی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو مۆدێلی حوكمڕانییە دەگەڕێتەوە و چی دیكە یەكێتی ناچێتە ژێرباری ئەو بەرپرسیارییەتییەوە.
گەرەكە لەو راستییە تێبگەن كە پۆستەكان هی پارتی نین تا ئەوان بڵێن ئەم پۆستە بە یەكێتی دەدەین و ئەم پۆستەشیان پێنابەخشین.
گەرەكە واز لە هەڕەشەی پێكهێنانی تاكلایەنە بهێنن، چونكە ئەگەر پێیان بكرابایە، دەمێك بوو بە یەكلایەنی كابینەكەیان پێكدەهێنا.
گەرەكە لەوە تێبگەن كە یەكێتی بەشداریی لە پێكهێنانی حكومەتێكدا ناكات كە حكومەتی سێبەری هەبێت و بۆ هەر وەزیرێك، وەزیرێكی سێبەری بەدیل دانرابێت، بۆیە هۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێ، شێوازی بیركردنەوەی پارتییە بۆ حوكمڕانی، نەك یەكێتی، هەوڵ و هەڕەشەكانی پارتی بۆ دووبارەكردنەوەی هەمان مۆدێل و عەقڵییەت و سیاسەتی حوكمڕانی، دەكەوێتە خانەی هەوڵدانەوە بۆ سەرلەنوێ نەخشەڕێژكردنی سنووری دووئیدارەیی و سەپاندنی واقیعی دووئیدارەیی لە هەرێمی كوردستاندا و ئۆباڵی ئەوەش دەكەوێتە سەرشانی ئەو لایەنەی كە دژی شەراكەتی راستەقینەیە.