ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەی پردی تەنگی سەید محەمەد رایدەگەیەنێت، بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی و پاش وەستانی بۆ ماوەیەکی کورت، کارکردن لە پڕۆژەکە دەستیپێکردووەتەوە.
سۆران حەمەسەعید، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەی پردی تەنگی سەید محەمەد لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، زیاتر لە شەش مانگە کار لە پڕۆژەی پردی تەنگی سەید محەمەد دەکرێت، کاری باشی تێداکراوە و %15ی پڕۆژەکە کۆتاییهاتووە.
دەشڵێت، بەهۆی کێشەی داراییەوە بۆ ماوەیەکی کورت کارکردن لە پڕۆژەکە وەستا، بەڵام بە هەوڵەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە کارکردن لە پڕۆژەکە دەستیپێکردووەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی خەمڵێندراوی تەواوکردنی پڕۆژەکە 900 رۆژە، ئەگەر کێشەی دارایی دروستنەبێت بە وادەیەکی کەمتر لەوەی دیاریکراوە تەواودەبێت، تێچووی پڕۆژەکەش بە 26 ملیار و 968 ملیۆن و 153 هەزار دیناری خەمڵێندراوە.