کاروان ئەنوەر رایدەگەیەنێت، ئەگەر فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم بیەوێت، دەتوانێت دۆسیەیەک بکاتەوە تاوەکو بکەرانی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بۆسەر میدیاکانی سلێمانی، بە وردی دیاریبکات.
کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، چەند نهێنییەک لەبارەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بۆسەر میدیاکانی سلێمانی ئاشکرادەکات و لەوبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم دەتوانێت دۆسیەیەک بکاتەوە تاوەکو بزانێت بۆچی تەنیا میدیاکانی سلێمانی و بە دیاریکراویش ئەو میدیایانەی کە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە نزیکن دەکەونەبەر ئەم هێرشانە”.
لەباری وردەکاریی هێرشەکانەوە کاروان ئەنوەر دەڵێت، “هێرشەکان جۆراوجۆرن، هەندێکیان بەناوی کۆپیڕایتەوە ئەنجامدەدرێن، هەندێکیان بەهێزن و پەیجەکە بە تەواوی دەسڕنەوە، هەندێکیان بە شێوازێکن چالاکیی ئەو پێگە و پەیجانە سست دەکەن، تاوەکو خەڵک بەرهەمەکانیان نەبێنێت یان رێپۆرت و تانە لە شتی سەیر دەدەن، بۆ نموونە یەکێک لە پێگەکان ریپۆرت لە وێنەیەک درابوو کە نووسرابوو I LOVE SLEMAN، یان ریپۆرتدراوە لە لۆگۆی خودی کەناڵ و پێگەکە کە مۆڵەتی وەرگرتووە”.
دەشڵێت، “لەماوەی ئەم مانگەی پێشوودا چڕترین هێرش کراوەتە سەر دیجیتاڵ میدیاکانی ئەم ناوچەیە کە هەرگیز وێنەی نەبووە، بەشێوازێک بووە کە پێنج بۆ حەوت ملیۆن فۆڵۆوەرز فەوتاون و نەماون، ئێستا بەشێوازێکی زۆر زەق هەستیپێدەکرێت و نزیکەی 10 میدیای مۆڵەتدار کە مۆڵەتی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانیان هەیە بە چڕی بەر هێرشەکان کەوتوون، بەو هۆیەشەوە پێگە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم ناوچەیە ناتوانن دەنگی خۆیان بگەیەنن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بەهیوان فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بە وردی لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکات چونکە ئەوان بەرپرسن لە دۆزینەوەی بکەرانی ئەم کارە، چونکە ئەو میدیایانەی هێرشکراوەسەریان مۆڵەتدارن، ئەوەش جێگەی پرسیارە کە بۆچی میدیا مۆڵەتدارەکان هێرشدەکرێتە سەریان و میدیا بێ مۆڵەتەکان هێرشناکرێتە سەریان”.
ئەوەشی خستەڕوو، “هەڵمەت و هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئەمجارە زۆر ورد و رێکخراوە، هەڵمەتی کەس و تاک نییە، بەڵکو هەڵمەتێکی رێکخراوە و دۆزینەوەیان قورسە”.