میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، بەیانیی سبەی شەممە، تەقینەوەیەکی کۆنتڕۆڵکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد ئەنجامدەدرێت.
میدیاکان لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئاگادارەوە بڵاویانکردەوە، تەقینەوەکە لەژێر چاودێریی لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکاندا دەبێت و لەنێوان کاتژمێر 8:00 بۆ 10:00ـی بەیانی ئەنجامدەدرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، تەقینەوەکە پەیوەندیی بە ئۆپراسیۆنی هەڵوەشاندنەوەی ماددەی تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگە، کە نزیکن لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هێزە ئەمنییەکان هەموو رێوشوێنێکی خۆپارێزی دەگرنەبەر بۆ پاراستنی ناوچەکە و دڵنیابوون لەوەی کە هاوڵاتیی مەدەنی و هاتوچۆی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکە کاریگەرییان لەسەر نەبێت.