وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە رایگەیاند، گۆڕانکارییەکی لە پێدانی ڤیزەی عومرەدا کردووە؛ لەوانە هەڵوەشاندنەوەی ڤیزەکە دوای 30 رۆژ لە بەرواری دەرکردنی، ئەگەر عومرەکارەکە ناوی خۆی تۆمارنەکردبێت بۆ چوونە ناو سعودیە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ماوەی کارکردنی ڤیزەکە لە سێ مانگەوە بۆ یەک مانگ لە بەرواری دەرچوونی، کەمدەکرێتەوە؛ بەڵام ئەمە تەنیا بۆ حاڵەتێکە کە عومرەکارەکە لەو ماوەیەدا ناوی خۆی تۆمارنەکات بۆ چوونە ناو سعودیە، بەپێچەوانەشەوە، ئەگەر عومرەکارەکە ناوی خۆی تۆماربکات و بچێتە سعودیە، ڤیزەکەی دەبێتەوە بە سێ مانگ.
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە دەڵێت، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی وەزارەت بۆ بەرزبوونەوەی بەرچاوی رێژەی عومرەکاران دەرکراوە، بەتایبەت دوای کۆتاییهاتنی وەرزی هاوین و دابەزینی پلەکانی گەرما لە مەککە و مەدینە؛ ئەمەش بۆ دڵنیابوون لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە عومرەکاران لە یەک کاتدا ئەو دوو شارە “قەرەباڵغ نەکەن”.
بەپێی بەیاننامەکە، لە مانگی شەشەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە چوار ملیۆن ڤیزەی عومرە دراوە بە عومرەکاران، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە بۆ ژمارەی ئەو حاجییانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە روو لە سعودیە دەکەن.