پزیشکانی دەرەوەی وڵات روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا باسیان لەوەکردووە، لە خۆپیشاندانی هەفتەی رابردوویان لەبەردەم وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لە هەولێر، ئازاردراون و هەڕەشەیان لێکراوە.
ئەو پزیشکانە لە روونکردنەوەکەدا دەڵێن، “ئێمەی پزیشکانی گشتیی دەرەوەی وڵات زۆر ناڕازی و نیگەرانین لەوەی کە دووشەممەی رابردوو 6ـی 10ـی 2025، کە زیاتر لە نۆ کاتژمێر لەبەردەم وەزارەتی تەندروستی ماینەوە بۆ رێگریکردن لەو جیاوازیی و جیاکارییەی کە بەرامبەر بە مافەکانی ئێمە کراوە، بەداخەوە وەزیری تەندروستی و بەرپرسانی وەزارەت ئامادەنەبوون گوێ بۆ داواکارییەکەمان بگرن و ئەو جیاوازی و جیاکارییەی کە بەرامبەر بە مافەکانی ئێمە کراوە، رابگرن و راستی بکەنەوە”.
ئاماژە بەوەشدەکەن، “ئێمە لەو رۆژەدا، توشی گرتن، زیندانیکردن، ئازاردان و هەڕەشە بووینەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەبەردەم وەزارەتی تەندروستی، لە راستیدا ئەمە یەکەمجار نییە توشی هەمان بەرهەڵستی ببینەوە لەناو هەمان وەزارەتدا، پێمانوایە هەموو جۆرە پێشێلکارییەک بەسەر ئێمەی پزیشکانی گشتیی دەرەوە تاقیکراوەتەوە و ئێمە دوای بێهیوابوونمان لە وەزیر و وەزارەتی تەندروستی بۆ چارەسەری کێشەکەمان، بە ناچاری خۆپیشاندانەکانمان دەگوازینەوە بۆ بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ گەیاندنی دەنگ و راگرتنی ئەو پێشێلکارییەی کە بەردەوام لەلایەن وەزارەتی تەندروستی دەکرێت بەرامبەرمان”.