وەفدی هەرێم دەچێتەوە بەغداد

بڕیارە وەفدێکی هەرێم سەردانی بەغداد بکات و لەگەڵ لیستی مووچەخۆران، لیستی ئەو خانەنشینانەش رادەستبکات کە پاداشتی 12 مووچەکە دەیانگرێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە سەرەتای ئەم هەفتەیە وەفدێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد بکات، لەگەڵ لیستی مووچەدا، لیستی ئەو خانەنشینانەش رادەستبکات کە پاداشتی 12 مووچەکە دەیانگرێتەوە و ژمارەیان 29 هەزارە کەسە.

لای خۆیشیەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوو وەفدێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەگەڵ وەفدی وەزارەتی دارایی هەرێم سەردانی بەغداد دەکەن، لیستی ئەو خانەنشینانە لەگەڵ خۆیاندا دەبەن کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا دۆسیەکانیان تەواودەبێت و پاداشتی 12 مووچەکە دەیانگرێتەوە.

ئەمەش پاش ئەوەدێت، لیستی ئەو خانەنشینانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول خانەنشین دەبن و پاداشتی 12 مووچەکە دەیانگرێتەوە، رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، بەڵام خەرجنەکراوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share