شارەزایەکی کەشناسی: کەشێکی سارد روو لە ناوچەکانمان دەکات

شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، بارستەهەوایەکی سارد روو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات و ئەگەری بارانبارین هەیە.

ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە، پلەی گەرمی بە نزیکی وەک ئەمڕۆ جێگیردەبێت و بەهۆی نزیکبوونەوەی بارستەهەواکە، خێرایی بای باشووری رۆژئاوا لەسەر ناوچەکانمان لە کاتەکانی دواینیوەڕۆ بۆ ئێوارە زیاددەکات بە خێرایی 10 تا زیاتر لە 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و ئەگەری خۆڵبارینێکی کەمیش دەبێت لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا، بەتایبەت لە ناوچەکانی سنووری کەرکوک و گەرمیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوو سبەی هەینییەوە، بارستەهەوا ساردەکە لە دەریای ناوەڕاستەوە دەگاتە ناوچەکانمان و پلەی گەرمی بە رێژەی 6 تا 8 پلە دادەبەزێت و کەشێکی فێنک تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؛ لە ناوچە شاخاوییەکانیشدا، کەشەکە سارد دەبێت بەتایبەت لە شەواندا و پێویست بە بەکارهێنانی ئامێرە گەرمکەرەوەکان دەکات.

دەشڵێت، لەگەڵ بەردەوامیی کاریگەرییەکانی ئەو بارستەهەوا ساردە و بوونی شەپۆلێکی بەفر و بارانیش لە ناوچەکانی باکووری کوردستان، ئەگەر هەیە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 13ـی 10ـی 2025، بۆ ماوەیەکی کەم بەشێک لەو حاڵەتە ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و هەولێر بگرێتەوە و بارانێکی کەم ببارێت، لە ناوچە شاخاوییەکاندا، رێژەی بارانەکە زیاتر دەبێت و پاشان کەشەکە سەقامگیردەبێتەوە.

بەرزترین پلەی گەرمیی پێشبینیکراو لە ماوەی کاریگەریی ئەو بارستەهەوا ساردە:

هەولێر 27 بۆ 28 پلە

سلێمانی 25 بۆ 26 پلە

دهۆک 25 بۆ 26 پلە

هەڵەبجە 26 بۆ 27 پلە

کەرکوک 28 بۆ 29 پلە

گەرمیان 29 بۆ 31 پلە

راپەڕین 27 بۆ 28 پلە

سۆران 24 بۆ 26 پلە

زاخۆ 25 بۆ 26 پلە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share