نوخشە ناسیح: لە رۆژانی بانگەشەدا چاودێریی وردی دامودەزگا حکومییەکان دەکەین

پارێزگاری هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، لە رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردندا، چاودێریی وردی بێلایەنی تەواوی دامودەزگا حکومییەکان دەکەین و رێگە بە هیچ جۆرە بەکارهێنانێکی ئیمکاناتی گشتی نادرێت بۆ بانگەشە.

نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “هاوڵاتییانی خۆشەویستی پارێزگای هەڵەبجە، قەوارە سیاسییە بەشداربووەکان، کاندیدە بەڕێزەکان، لەگەڵ دەستپێکردنی وادەی رەسمیی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هیوای سەرکەوتن بۆ هەموو لایەک دەخوازین و داواکارین پرۆسەکە بەشێوەیەکی شارستانی و ئارام و دوور لە گرژی بەڕێوەبچێت، بە جۆرێک کە لە ئاستی پێگە و مێژووی شکۆمەندانەی پارێزگاکەماندا بێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لەم سۆنگەیەوە، لە رۆژانی رابردوودا لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسی و هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکە کۆبووینەوە و جەختمان لەسەر هەماهەنگیی تەواو کردەوە بۆ دابینکردنی زەمینەیەکی لەبار بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد. لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە هەموو لایەک پابەندی تەواوی یاسا و رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بن. هەروەها، چاودێریی وردی بێلایەنی تەواوی دامودەزگا حکومییەکان دەکەین و رێگە بە هیچ جۆرە بەکارهێنانێکی ئیمکاناتی گشتی نادرێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن”.

نوخشە ناسیح دەشڵێت، “هەڵەبجە، وەک چۆن هەمیشە لانکەی پێکەوەژیان و نمونەی یەکڕیزیی بووە، چاوەڕوانین لەم پرۆسە نیشتمانییەشدا، جارێکی دیکە ئەو پەیامە بەهێزە دووپاتبکاتەوە و نمونەیەکی جوان پێشکەشبکات؛ نمونەی پرۆسەیەکی دیموکراسییانەی بێ کێشە و گرفت، چ لە رۆژانی بانگەشە و چ لە رۆژی دەنگداندا؛ داواکارین هەموو لایەک بە گیانێکی بەرپرسیارانەوە مامەڵەبکەن، چونکە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، سەرکەوتنە بۆ هەموو خەڵکی هەڵەبجە و كوردستان و عێراق”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share