سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان: لە چەند رۆژی ئاییندەدا ناوی سوودمەندانی یەکەکانی نیشتەجێبوون رادەگەیەندرێت

سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێم رایدەگەیەنێت، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەڵێنیداوە لە کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دۆسیەی راگەیاندنی ناوی سوودمەندانی یەکەکانی نیشتەجێبوون تاوتوێ بکرێت، پاشان لە چەند رۆژی ئاییندەدا ناوەکان رابگەیەندرێت.

بەرهەم قەرەداخی، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، “دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم، هەواڵێکی خۆشی لەبارەی راگەیاندنی ناوی سوودمەندانی یەکەکانی نیشتەجێبوون پێڕاگەیاندین و بڕیارە سبەینێ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی دۆسیەکەمان بکرێت و لە چەند رۆژی ئاییندەدا ناوی سوودمەندانی یەکەکانی نیشتەجێبوون رابگەیەندرێت”.

وتیشی، 27 هەزار کەس فۆڕمی یەکەکانی نیشتەجێبوونیان پڕکردووەتەوە، بڕیاروابوو مانگی حەوتی ئەمساڵ ناوەی سوودمەندبووان رابگەیەندرێن، بەڵام هەندێک وردەکاریی مابوو کە دەبوو لە ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی بکرێت پاشان رابگەیەندرێن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لە ئێستادا یەکەکان تەنیا %30ی کارەکانیان تەواوبووە، ئەگەر لیستی ناوەکان رابگەیەندرێت و دۆخی دارایی هەرێم باش ببێت لە کەمتر لە ساڵێکدا هەموو پرۆژەکان تەواودەکرێن”.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسانەی فۆڕمی خاڵبەندییەکانیان پڕکردووەتەوە و 84 خاڵیان بۆ هاتووەتەوە دەبنە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون لە پرۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بەبێ پێشەکی و بە قیستی درێژخایەن، بۆ ماوەی 25 ساڵ، ئەوانەشی فەرمانبەری حکومەتن بە 74 خاڵ، یەکەکان وەردەگرن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share