تەندروستیی سلێمانی، رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو ڤاکسینی پەتای وەرزی بەردەستدەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، بڵاویکردەوە، هاوڵاتییان ئاگاداردەکەینەوە لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە ڤاکسینی پەتای وەرزی لە سەرجەم مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەستدەبێت و دەتوانن سەردانی نزیکترین مەڵبەند و بنکەی تەندروستی لەخۆیانەوە بکەن بۆ بەکارهێنان.
لەبارەی ڤاکسینەکەوە تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، پێکوتەیەکە کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرگریی لەشی مرۆڤ و رێگری لە توشبوون یاخود کەمکردنەوەی نیشانەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای وەرزی.
دەشڵێت، ڤاکسینەکە رێگری لە توشبوون بە ڤایرۆسی پەتای وەرزی دەکات و ئەو کەسانەشی دوای کوتانەکە توشی پەتا دەبن بەهۆی کاریگەریی ڤاکسینەکەوە لەسەریان ئاسان دەبێت و زووتر تێیدەپەڕێنن .